سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگری عێراق كرد

:: PM:09:24:12/08/2019 ‌

ئەمڕۆ دووشەم ١٢ی ئابی ٢٠١٩ سەرۆك بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازیی لە نەجاح حەسەن شمەری وەزیری بەرگری عێراق كرد و ئەوان چەند پرسێكی هاوبەشی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ كرد بەتایبەتی لە رووی تەناهییەوە.

وەك لە هەوایڵێكی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆك باریزانیدا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەم سەرۆك بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە وەزیری بەرگری عێراق كردووە و لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها شەڕی داعش و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەیش تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو.

ئەمڕۆ دووشەم مەیادە محەمەد پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند, دوای ئەوەی هەریەك لە بەغدا و هەرێمی كوردستان نیازپاكی خۆیان پێشان دا بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەڵواسراوەكانی نێوانیان و سەردانی یەكتریان كرد, بڕیارە درێژە بە گفتوگۆی نێوانیان بدەن.

زیاتر گوتی, دوای پشووەكانی جەژن دووبارە دانیشتن و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەست پێ دەكاتەوە و شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و دەست دەكات بە هەنگاونان بۆ چارەسەركردن هەندێك پرسی چارەنووسساز.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی كرد، یەكێك لە كێشەكانی هەرێم و بەغدا پرسی پێشمەرگە و گەڕانەوەیە بۆ ناوچە جێناكۆكان و سنووری مادەی 140, چونكە بەغدا گەیشتووەتە ئەو راستییەی بەبێ بوونی پێشمەرگە لایەنی تەناهی ئەو ناوچانەی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەر و ناوچەكانی تر پارێزراو نابن، بۆیە دەكرێت گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بەخێرایی تەواو بێت.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل