عێراق.. ئاشكرابوونی دەیان تەرمی نەناسراو ناڕەزایەتی سوننەی لێ دەكەوێتەوە

:: PM:10:11:12/08/2019 ‌

گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكان رای گەیاند كە ئەو دەیان تەرمە نەناسراو و پارچەكراوەی لە پارێزگای بابل دۆزراونەتەوە هی ئاوارەكانی سوننەن و لەلایەن حەشدی شەعبییەوە رفێنراون لەكاتی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی دەستی داعش، لەوكاتەی سیاسەتوانانی سوننە حكوومەت بە بێدەنگبوون لەو تاوانانەی لە بەرانبەر سوننە دەكرێت تۆمەتبار دەكەن.

موزاحم ئەحمەد حوێت گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەوبارەوە دەڵێت، ئەو تەرمانە هی ئاوارەكانی سوننەیە و لەلایەن حەشدی شەعبییەوە رفێنرابوون لە كاتی جەنگی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش، بۆیە ئەوانەی ئەو كارە قێزەوەنەیان كردووە حەشدی شەعبین.

زیاتر گوتی، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی هەبێت لەوبارەوە، چونكە حكوومەتی عێراق تەواو بێتوانایە لە ئەنجامدانی شتێك بەمەبەستی ئاشكراكردنی چارەنووسی دەیان هەزار كەسی رفێنراو لە پێكهاتەی عەرەبی سوننە.

لە سەروبەندی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵمەتێكی گرتنی هەڕەمەكیان بۆ پێكهاتەی سوننە دەست پێ كرد و تا ئێستە چارەنووسی دەیان هەزار كەس بەتایبەتی لە ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا و ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و نەینەوا و باكوری بابل دیار نییە، پێشبینی دەكرێت ئەوان لە زیندانی نهێنی حەشدی شەعبیدا بن.

لای خۆیەوە ناجح میزان سیاسەتوانی سەربەخۆی سوننە رای گەیاند، ئەوەی حكوومەت باسی دەكات كە ئەو تەرمانە نەناسراون و كەسوكاریان نییە، ئەوەی خۆی تۆمەتە بۆ حكوومەت، روونی كردەوە، ئێران ناوچەی جەرف ئەلسەخڕ داگیر دەكات و ئەو ناوچەیە بووەتە جبەخانەی چەكی ئێرانی لە عێراق. 

میزان روونی كردەوە كە دامەزراوەی زەهرا تۆمەتبارە، چونكە گواستنەوەی تەرمەكان یاسایی نییە و گرووپە چەكدارەكانی ئەو ناوچەیەش سەرقاڵی فرۆشتنی ئەندامی كەسانی نادیار و رفێنراون. لای خۆیەوە عەبدولكەریم عەبتان ئەمینداری گشتی پارتی خیاری عەرەبی روونی كردەوە، ئێستە عێراق بە پشێوییەكی گەورەدا تێپەڕ دەبێت. 

زیاتر گوتی، تا ئێستەیش هەزاران كەس لە عێراق رووبەڕووی رفاندن دەبنەوە لە ناوچەی پشتێنەی بەغدا و ناوچە ئازادكراوەكان، بۆیە كوشتارگەكەی جەرف ئەلسەخڕ لە تاوانی دژ بە مرۆڤ قێزەوەنترە. دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەت هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكان تا ئێستە روون بكاتەوە.

دەسەڵاتدارانی پارێزگای بابل ئاماژە دەكەن كە كەمتر لە 50 تەرمی كەسانی نەناسراو هەندێكیان پێنج ساڵە لای ئەوانە و كەسوكاریان نییە، بڕیاریان داوە ئەو تەرمانە بشارنەوە، لەوكاتەی سیاسەتوانانی سوننە ئاماژە دەكەن كە شاردنەوەی تەرمەكان بێ پشكنینی دی ئێن ئەی ناكرێت و بۆ شاردنەوەی تاوانەكانی دژ بە سوننەیە بۆ ئەوانەی ساڵانێكە شوێنبزركراون.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل