زیانی گیانی تەقینەوەكانی بەغدا راگەیاندرا

:: PM:10:28:12/08/2019 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چەند تەقینەوەیەك سەربازگەیەكی حەشدی شەعبیان لە باشووری بەغدا هەژاند و وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە لە ئەنجامی تەقینەوەكاندا 13 كەس بریندار بوونە، لەوكاتەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماریكی جیاواز رادەگەیەنێت.

لیوا سەعد معەن گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی رووداوەكە روونی كردەوە، تەقینەوەكان بەهۆی جبەخانەیەكی تەقەمەنی بووە لە سەربازگەی سەقڕ ئێوارەی ئەمڕۆ و بەو هۆیەوە 13 كەس بریندار بوون لەوان دوویان سەر بە پۆلیسی فیدراڵ و چواریان حەشدی شەعبین، بەڵام برینەكانیان سووكە.

زیاتر گوتی، تا ئێستە بەشی زۆری تەقینەوە و ئاگرەكە كۆنترۆڵ كراوە و وەزیری ناوخۆ و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا راستەوخۆ سەرپەرشتی چارەسەركردنی رووداوەكە دەكەن كە لە سەربازگەی سەقڕ لە باشووری بەغدا رووی دا.

لەوكاتەی وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند بەهۆی تەقینەوەكانی ئەمڕۆ كەسێك گیانی لەدەست داوە و 29ی تریش بریندارن، سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتەكە ئەمڕۆ دووشەم روونی كردەوە، ئاماری قوربانیانی تەقینەوەی جبەخانەكەی ناوچەی ئەبو دشیر لە باشووری بەغدا بۆ گیانلەدەستدانی كەسێك و برینداربوونی 29ی تر بەرز بووەتەوە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی رای گەیاند كە جبەخانەیەكی چەك و تەقەمەنی لە سەربازگەی سەقڕ لە ناوچەی عوێریج لە بەغدا تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی تەقینەوەی چەند مووشەكێك و ئێستە تیمەكانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەن.

لای خۆیەوە پەیامنێری كەناڵی "حورە"ی ئەمەریكی لە عێراق رای گەیاند كە تەقینەوەكە لەناو جبەخانەیەكی بنكەی سەقڕ بووە لە باشووری بەغدا و ئەو سەربازگەیە هی حەشدی شەعبییە لە نزیك بارەگای لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵ لەسەر رێگەی نێوان بەغدا و حلە.

هیشام هاشمی شارەزای تەناهی عێراقی لەبارەی تەقینەوەكانەوە لە لاپەڕەی خۆی لە "تویتەر" نووسیویەتی، سووتانی جبەخانەیەكی چەك لەناو سەربازگەی سەقڕ لە ناوچەی عوێرج لە باشووری بەغدا بووەتە هۆی تەقینەوەی چەند مووشەكێك، روونی كردەوە، ئێستە تیمەكانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل