مانگی داهاتوو جووتسایدی هەڵەبجە-سەیدسادق دەكرێتەوە

:: PM:02:03:13/08/2019 ‌

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رای دەگەیەنێت, كارەكانی تەواوكردنی رێی دوو سایدی سەرەكی هەڵەبجە بۆ سەیدسادق بە خێرایی لە جێبەجێكردندایە و كەمتر لە چوار كیلۆمەتر ماوە بۆ ئەوەی چینی ژێر قیر دەست پێ بكات و دەست بە كاری قیركردن بكرێت.

كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە "وشە"ی راگەیاند، لە رۆژانی جەژندا سەردانی پڕۆژەكەیان كردووە كە چینی ژێر قیری لێ ئامادە دەكرێت, كارەكان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچن و بە تەواوكردنی ئەو سایدە هەردوو سایدەكە تەواو دەبن.

ئەوەشی گوت, یەكێك لە ئامادەكارانی "كرەشد ستۆم" واتە مادەكەی ژێر چینی قیر, كەمێك كارەكەی سست كردبوو, بەهۆی كێشەی نێوان خۆیان لەگەڵ بەڵێندەرەكە، بەڵام دوێنێ كۆمپانیاكه ‌و لایەنی ئامادەكاریان ئاگادار كردەوە كە بەپێی بەرنامەكان كەلوپەل ئامادە بكەن و هەر كەمتەرخەمییەك هەبێ رێكاری ئیداریی و یاسایی دەگرنە بەر.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، كۆمپانیاكان و لایەنی ئامادەكاری چینی ژێر قیر بەڵێنیان داوە لە ئەمڕۆوه ‌ دەست بەكارەكان بكەنەوە و كەلوپەلی پێویست ئامادە بكەن بۆ ئەوەی كارەكان بە خێرایی و بەردەوام بەڕێوە بچن و لە وادەی خۆیدا تەواو بكرێن.
 
 رێی دووسایدكردنی هەڵەبجە بۆ سەیدسادق یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگانەی پارێزگای هەڵەبجە و تەواوی پڕۆژەكە لە كۆتایی مانگی داهاتوو تەواو دەكرێت و بە فەرمی دەكرێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان