ئەم كاندیدەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەردەگرێت


ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەكەن لە نێوان ئەو دوو كاندیدەی گۆڕان بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم، مستەفا سەید قادر چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەیە و ئەندامێكی جڤاتیش دەڵێت, لەبەر دوو هۆكار مستەفا سەید قادر بۆ ئەو پۆستە وەردەگرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئاب, خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشه"‌ی راگەیاند, بزووتنەوەی گۆڕان و جڤاتی نیشتمانی لە سەرەتاوە مستەفا سەید قادری دیاری كرد بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم، چونكە ئەو كەسە لە هەر شوێنێك بێت دەتوانێ خزمەت بكات و هەروەها ئەندازیاری رێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی بوو لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەوەشی گوت، بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم مستەفا سەید قادر چانسی زۆرتری هەیە و بزووتنەوەی گۆڕان ئەو هەڵدەبژێرێت, لە دەنگدانیش لە ناو جڤاتی نیشتمانی ئەو دەنگی زۆرینە دەهێنێت, چونكە پێشتر هەر ئەو كاندید بوو، محەمەد تۆفیق بەمدواییە‌ هاتووە و پێشیان وایە‌ بۆ ئەو پۆستە مستەفا سەید قادر گونجاوە.

هاوكات چالاك موهەندیس ئەندامێكی تری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند, هەموو بۆچوونەكان ئەوەیە مستەفا سەید قادر دەبێتە جێگری سەرۆكی هەرێم.

جێی باسە یەكێك لە پۆستە باڵاكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێگری سەرۆكی هەرێم دەبێت و چوار وەزیر و ژمارەیەك دەسته ‌و نوێنەر و پۆستی تر وەردەگرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان


PM:02:44:13/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 2639 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌