بەها ئەعرەجی: كۆگایەكە چەك و تەقەمەنی وڵاتێكی دراوسێی بە ئەمانەتەوە تێدا بوو

:: AM:10:40:14/08/2019 ‌

كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی میلیشیاكانی حەشد لەناو سەربازگەی سەقەر لە باشووری رۆژئاوای بەغدا تەقیەوە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانیش29 كەس بووەنەتە قوربانی. جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشتریش دەڵێ، چەك و تەقەمەنیەكە بە ئەمانەوت لەوێ بووە و هی وڵاتێكی دراوسێ بووە، ئەوەیشی هێرشی كردووەتە سەر پێی وابووە عێراق خیانەتی كردووە.

شەوی رابردوو 13ی ئاب، كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لەناو سەربازگەی سەقەر لە باشووری رۆژئاوای بەغدا تەقیەوە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان بێت 29 كەس بوونەتە قوربانی كە كوژراو بریندار لە ریزی هێزە تەناهییەكان و حەشدی شەعبی هەن، هەروەها هاووڵاتییەكی سڤیلیش گیانی لە دەستداوە و ژمارەی بریندارەكانی هاووڵاتییانی سڤیلیش نا دیارە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بە یاوەری وەزیری ناوخۆ و سەركردەكانی حەشدی شەعبی سەردانی سەربازگەكەیان كردووە، بەگوێرەی بەیاننامەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بێت" پشتڕاست لە كوژرانی هاووڵاتییەكی سڤیل و برینداربوونی خەڵكی تر كراوەتەوە.

لە بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی وەزیران هاتووە كە لێكۆڵینەوە بەردەوام دەبێت بۆ رێگرتن لە دووبارە بوونەوەی رووداوی لەمجۆرە.

بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیران لە حكوومەتی رابردوو دەڵێ، كۆگاكە چەكی ئەمانەتی تێدا بووە كە هی وڵاتێكی دراوسێیە، لەلایەن وڵاتێكی داگیركەرەوە هێرشی كراوەتە سەر لەسەر بنەمای ئەوەی عێراق خیانەتی كردووە.

زیاتر گوتی "جۆری تەقینەوەكانی كۆگاكانی چەك و جۆری ئەو چەكەی تێیدا بووە، پێمان دەڵێ چەكی ئاسایی نەبتووە و سوپای عێراقیش بەكاری نەهێناوە، تەنانەت میلیشیاكانی حەشدیش بەكاریان نەهێناوە، بۆیە پێدەچێ ئەو چەكانە ئەمانەت بن لای ئێمە و هی وڵاتێكی دراوسێ بووە".

سەرچاوەیەكی تەناهی كە قسەی بۆ طشەرق ئەوسەتط كردووە، دەڵێ، ئەوەی روونە عێراق بووەتە گۆڕەپانی جەنگی ئێسك شكاندن لەنێوان بەرەی ئەمەریكا و ئیسڕائیل لەلایەك و ئێران و هاوپەیمانەكانی لە عێراق لەلایەكی تر، گوتی "هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە ئەوەی روویدا هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسڕائیل بوو بە رەزامەندی ئەمەریكا، هەروەك لە سووریا دژ بە هێزە ئێرانییەكان دەستی پێكرد، لە عێراقیش بەردەوامی پێ دەدات".

سەرچاوەكە زیاتر گوتی "لە رووداوەكەی مانگی رابردووی ئامرلی، حكوومەتی عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی رانەگەیاند، پێشتریش وەها رووداوێك رووی دابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی راگەیاندنی ئەنجامی لیژنەكە ئێرانییەكان بێزار دەكات، ئەوانیش راهاتوون لەسەر ستراتیجیەتی شاردنەوە و كپ كردنی هێرشی فڕۆكەكانی ئیسڕائیل و ئەمەریكا بۆ سەر هێزەكانیان لە سووریا و ئێستەش لە عێراق".



وشە - فه‌رمان سادق