نرخی نەوت دابەزی

:: AM:11:55:14/08/2019 ‌
بەهۆی پاشەكشەی جولەی ئابووری لە چین و بەرزبوونەوەی رێژەی نەوتی ئەمباركراوی ئەمەریكی كاریگەری لەسەر نرخی نەوتی جیهانی دانا و 46 سەنت لە نرخەكەی دابەزی.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئاب، نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا بە رێژەی 0.8% دابەزینی بەخۆیەوە بینی كە دەكات 46 سەنت" نرخی ئێستەی بەرمیلێك نەوت بە 60 دۆلار و 84 سەنتە.
دابەزینی نرخی نەوت پێوەندارە بە ئامارە ئابوورییەكانی چین كە روو لە داكشانە، هاوكات بەرزبوونەوەی رێژەی نەوتی خاوی ئەمباركراوی ئەمەریكی، ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرا نرخی نەوت بەهۆی دواخستنی سزای نوێی ئەمەریكا بەسەر كاڵای چینی بەرز ببێتەوە.
تا سەعات شەش و 40 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 46 سەنت دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتنە 60 دۆلار و 84 سەنت، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ سێشەم 13ی ئاب، گەورەترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بە رێژەی 4.7%، بەهۆی دواخستنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كاڵای چینی تا كۆتایی ئەمساڵ.
 
هاوكات نرخی بۆرسەی تكساسی ئەمەریكی بە رێژەی 1.1% كە دەكاتە 62 سەنت دابەزینی بەخۆیەوە بینی و نرخەكەی گەیشتە 56 دۆلار و 48 سەنت.

دابەزینی نرخی نەوت دوای راگەیاندنی هەندێك داتا و زانیاری دێت لەلایەن چین كە پێوەندارە بە گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە، بەڵام بەگوێرەی داتایەكان بێت ئەوا گەشەی ئابووری چین گەورەترین داكشانی بەخۆیەوە بینیوە لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا، ئەمەش خاڵە لاوازەكانی ئابووری چین بەرانبەر بە ئەمەریكا لە جەنگی ئابووری نێوان هەردوو وڵات ئاشكرا دەكات.
 
شارەزایان دەڵێن، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە رۆژی سێشەم، وایكرد دەستكەوتی زۆری هەبێت و كاریگەریشی دانا بەسەر نرخی نەوت بۆ ئەمرۆ چوارشەم و رۆژانی داهاتووش.

 دوێنێ سێشەم، دوای تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە بارەی دواخستنی سزای زیاتر بەسەر كاڵای چینی، وایكرد نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو تا 5% بەرز ببێتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق