مەلا هەڵۆ پەشیمانە و دەڵێ سەردانی ماریا هەورامی دەكەم

:: PM:12:55:14/08/2019 ‌

دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە هێرشی توند دەكرێتە سەر كلیپەكەی هونەرمەند ماریا هەورامی و پەرچە كرداری پشتگیری لە گۆرانیبێژەكە. مەلا هەڵۆ حەمەرەشید، لە قسەمانی پەشیمان دەبێتەوە و دەڵێ ماریا كەسی نزیكی منەو ئامادەم سەردانیشی بكەم.

كلیپی گۆرانی (دڵەكەم)ی هونەرمەند ماریا هەورامی كە دەرهێنەرەكەی لە ناوەڕاستی شەقامی سالم لە سلێمانی وێنەی بۆ گرتووە و كوڕان و كچان لەو شەقامە دەستدەكەن بە هەڵپەڕكێ و تێكەڵی كلیپەكە دەبێت، لە جەژنی قورباندا بڵاو دەبێتەوە.

كلیپەكە، هەر زوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەبێتەوە و پشتگیری و دەستخۆشی زۆر لە هونەرمەند ماریا دەكەن بۆ ئەو بەرهەمەی پێشكەشی كردووە، بەڵام بڵاوبوونەوەی تۆماری دەنگی مامۆستایەكی ئاینی، كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا و رۆشنبیر و چالاكوانێكی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتگیرییان لە ماریا هەورامی بەرانبەر بە مامۆستا هەڵۆ حەمەرەشید كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئاب، مامۆستا هەڵۆ حەمەرەشید لە تۆمارێكی تری دەنگیدا، پەشیمان بوونەوەی لە شێوازی دەربڕینەكەی بەرانبەر بە هونەرمەند ماریا هەورامی راگەیاند.

مامۆستا هەڵۆ، تۆمارە دەنگیەكەی درەنگانی شەوی رابردوو لە لاپەڕەی فەرمی فەیسبووكەكەی بڵاوكردەوە، دەڵێ، پەیامە دەنگیەكەی یەكەمی تایبەت بووە بۆ كەسێك لە وەڵامی چەند پرسیارێك، بۆ بڵاوكردنەوە نەبووم، گوتی "ئەو شێوەیەش کە باسی ئەو خاتوونەم پێکرد شێوەیەکی نەشیاو بوو، بۆخۆم دەربڕینەکەی خۆمم پێ جوان نییە، ئەگەر ئێستا بیڵێمەوە وا نایڵێمەوە، لەبەرئەوەی دەربڕینەكە جوان نییە هەم لە روی شەرع و هەم لە روی عورفیشەوە، پەشیمانم لێی ئەوە بەینی خۆم و خوای خۆمە و تەوبە ئەكەم و ئەو خاتونەش هەر شتێکی هەیە با بڕوات لە دادگا داوای بکات و ئامادەم بچمە دادگا و هیچ كێشەشم نییە".

مامۆستا هەڵۆ حەمەرەشید، لە تۆمارە دەنگییە نوێیەكەیدا دووپات لەوە دەكاتەوە كە لەگەڵ ئەو كارەی هونەرمەند ماریا هەورامی نییە و دەڵێ "ناشەرعییە، تا بمێنم هەوڵ دەدەم رێ لە كارە نا شەرعییەكان بگرم".

زیاتر گوتی "من بەردەوام ئەو کارەی ئەوم هەر پێ خراپە و بە ناشەرعی دەزانم و تا بمێنم هەوڵدەدەم رێ لەو کارە ناشەرعییانە بگرم".

لە بارەی سووكایەتی بە هەورامییەكان، مامۆستا هەڵۆ روونی دەكاتەوە كە خۆی هەورامییە و خەڵكی تەوێڵەیە و مامۆستاكانیشی هەروامییە و شانازیشی پێوە دەكات، دەڵێ، ماریا هەورامی خزمی نزیكیمە و كەسوكاریشم پێیان گوتووم كە هەڵە بووم و دەبووایە بچم لەگەڵ خۆی دانیشم و قسەم بكردایە نەوەك لە دوورە بەمجۆرە قسە بكەم، گوتی "ئیشاڵلا خوا بیكات ئەچم لەگەڵ كەسوكاری و خۆیشی دادەنیشم و قسەی خێریشی بۆ دەكەم".



 



وشە - فه‌رمان سادق