شەش ژمارەی هەڵبژارد و 234 ملیۆن دۆلاری بردەوە

:: PM:03:21:14/08/2019 ‌

دوای راگەیاندنی خەڵاتی سوپەرینالۆتۆ،هاووڵاتییەكی ئیتاڵی گەورەترین خەڵاتی بردەوە كە 234 ملیۆن دۆلارە، دوای ئەوەی شەش ژمارەی لە كۆی 90 ژمارە هەڵبژارد.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئاب، هاووڵاتیەكی ئیتاڵی، گەورەترین خەڵاتی سوپەرینالۆتۆی بۆ دەرچوو كە بەهایەكەی 209 ملیۆن یۆرۆیە كە دەكاتە 234 ملیۆن دۆلار، ئەو خەڵاتە لە مانگی حوزەیرانی 2018 تا ئێستە بۆ كەس دەرنەچووە.

ئەو كەسەی بەشداری لە سوپەرینالۆتۆ دەكات، دەبێت شەش ژمارە لە كۆی 90 ژمارە، واتە لە یەك تا 90، هەڵبژێرێت كە لەسەر پلیتەكانی یانەسیبەكە نووسراوە.

ئەو ئیتاڵیە كە دانیشتووی ناوچەی لۆدی لە باكوری شاری میلانۆیە، پلیتێكی كڕی كە شەوی رابردوو، شەوی راكێشانی ژمارەی براوەی خەڵاتەكە بوو.

لە چانسی ئەو ئیتاڵییە، ژمارەی سەر ئالەتی سوپەرینالۆتۆ، هەمان ژمارەی سەر پلیتی یانەسیبەكەی ئەو بوو، بەمەش بووە خاوەنی گەورەترین خەڵاتی سوپەرینالۆتۆ، كە پێش ئەو ساڵی 2010 خەڵاتی 177 ملیۆن یۆرۆ بۆ كەسێكی تر دەرچوو بوو.

ئەو خەڵاتە گەورەیە لە راكێشانی نوێی سوپەرینالۆتۆ، پێش خەڵاتی یۆرۆمیلیینز كەوت كە تا ئێستە گەورەترین راكێشانی ئەو خەڵاتە گەیشتووەتە 190 ملیۆن یۆرۆ.

تا ئێستە جگە لەو ئیتاڵییە، سی كەسی تر هەمان بڕە پارەیان لە یانەسیب بردووەتەوە، مانگی ئابی 2012 لە بەریتانیا، مانگی ئۆكتۆبەری 2014 لە پورتوگال و مانگی ئۆكتۆبەری 2017 لە ئیسپانیا.

جێی باسە خەڵاتی گەورەی وەهای یانەسیب، لە ئۆكتۆبەری 2018 بۆ كەسێك لە ویلایەتی كارۆلینای باشوور لە ئەمەریكا لە یانەسیبی (مێگا میلیین) دەرچوو كە بڕەكەی ملیارێك و 537 ملیۆن دۆلار بوو.



وشە - فه‌رمان سادق