به بڕیارێكی وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نیشاندانی به‌ساڵاچووان له خانه‌كاندا قه‌ده‌غه كراوه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 14ی ئاب، فوئاد سدیق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به بڕیارێكی وه‌زیر بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه و ڤیدیۆی خانه‌ی به‌ساڵاچووان و سه‌ردانی ڕاگه‌یاندنه‌كان قه‌ده‌غه كراوه.
عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێری گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ماوه‌ی چوار ساڵ ده‌بێت وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆمان پلانی تایبه‌تمان هه‌یه بۆ خانه‌ی منداڵان و به‌ساڵاچووان بۆ سه‌ردانكردنی ڕاگه‌یاندن و ته‌له‌فزیۆنه‌كان.
ئه‌وه‌شی گوت، به‌شێوه‌ی پیشه‌ییانه و زانستییانه له ڕووی ڕاگه‌یاندنه‌وه كارمان كردووه و كه‌سایه‌تیی هه‌موو تاكێكی منداڵان و خانه‌ی به‌ساڵاچووان له خانه‌كان پارێزراوه و ڕێگه به هه‌ندێ كار و گرته‌ی ڤیدیۆی ناده‌ین كه كار بكاته سه‌ر كه‌سایه‌تییان.
زیاتر گوتی: هه‌ركات بڕیاری قهدهغهكردنمان به‌ده‌ست گه‌یشت، ئه‌وكات ڕێكاری خۆمان ده‌گرینه به‌ر، له ڕابردووش بۆشاییهكمان نه‌هێشتووه‌ته‌وه بۆ مامه‌ڵه‌كردنی ڕاگه‌یاندن، رێگه ناده‌ین ڕاگه‌یاندن به ویستی خۆیان گرته‌كان بگرن و بڵاویان بكه‌نه‌وه.
له ماوه‌ی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك گرته‌ی ڤیدیۆیی له ڕێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه بڵاوكرایه‌وه ئه‌وه‌ش مشتومڕی به‌دوای خۆیدا هێنا و هه‌ندێك پێیان وابوو له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌و هاوڵاتییانه دروست ده‌كات كه له خانه‌كانی به‌ساڵاچوواندان.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی