گوڵێ حهسهنئهكتهرێكی چالاكه و خاوه‌نی چه‌ندان كاری هونه‌رییه، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"داوهك خۆی ده‌ڵێ ئێسته یه‌كێكه له ئه‌كته‌ره دیاره‌كانی بواری نواندن له كوردستان و ئه‌گه‌ر گرنگیشی پێ بدرێ، هه‌وڵ ده‌دات ببێت به ئه‌ستێره‌یه‌كی دیاری جیهانی له كاری نواندندا.
ئه‌گه‌ر به كورتی له‌سه‌ر ژیانی خۆت بدوێی؟
گوڵێ حه‌سه‌ن له دایكبووی ساڵی 1971ـی سلێمانی، ده‌رچووی ئاماده‌ییم و خێزاندارم و دایكی سێ منداڵم، ئه‌گه‌رچی له ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه له بواره‌كه نه‌مخوێندووه، به‌ڵام هونه‌ر بۆ من شتێكی نوێ نه‌بوو، چونكه هه‌ر له منداڵیمه‌وه خولیای نواندنم له خۆمدا به‌دی ده‌كرد، تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی له ڕۆشنبیری گشتی به‌شی سینه‌ما وه‌ك فه‌رمانبه‌ر دامه‌زرام و هه‌ر له‌و ڕێیه‌وه ده‌ستم به كاری نواندن كرد.
یه‌كه‌م كاری نواندنت به‌شداریت له چی كرد؟
یه‌كه‌م كاری هونه‌ریم به‌شداریكردنم بوو له كورته فیلمی "قه‌وان" له ده‌رهێنانی عیزه‌دین قادر. دواتر له چه‌ندان كاری تر به‌شدار بووم، وه‌ك كورته فیلمی "هه‌ر كاتێك" له ده‌رهێنانی شاخه‌وان عه‌بدوڵا، فیلمی درێژی "نامۆ" له ده‌رهێنانی مه‌ریوان ئیبراهیم، كورته فیلمی "ئامه‌د" له ده‌رهێنانی هاوڕێ مسته‌فا و درامای "چیڕۆكه‌كانی ژیان" له كه‌ناڵی كوردسات و درامای "چپه‌ی ڕابردوو" و درامای "سهراب" له ده‌رهێنانی مه‌ریوان ئیبراهیم، له هه‌مانكات به‌شداریم له درامای "سه‌مای ته‌رزه" له ده‌رهێنانی كاروان ئاوات و درامای "په‌لكه‌زێڕینه" له ده‌رهێنانی عیزه‌دین قادر و درامای "سه‌رێك و هه‌زار كڵاو" كرده‌وه كه له ده‌رهێنانی نه‌ژاد نه‌جم بوو.
دوایه‌مین كاریشم كورته فیلمی "دوا چاره‌نووس" بوو له ده‌رهێنانی كامه‌ران مه‌نسوور، هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و كارانه‌ن كه له‌ناو كاره‌كانمدا دیارن و بێگومان كاری تریشم زۆره.
بۆچی درامای "سهراب" تا ماوه‌یه‌كی زۆر هیچ كه‌ناڵێك ئاماده نه‌بوو په‌خشی بكات؟
هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ زۆر شت، یه‌كێك له‌وانه به‌هۆی كه‌می بودجهیانهوه بوو كه نه‌یانده‌توانی ئه‌و پاره‌یه له‌پێناوی درامایه‌ك خه‌رج بكه‌ن، هۆی دووه‌میش له‌به‌ر هه‌بوونی درامای دۆبلاجكراوی بیانی بوو كه به‌و هۆیه‌وه زۆر گرنگی به به‌رهه‌م و دراما خۆماڵییه‌كان نادرێت، بێگومان هۆكاری تریش هه‌بوون.
ته‌نگژه‌ی دارایی تا چه‌ند هۆكاره‌كه دۆخی دراما له كوردستان به‌ره‌و لاوازبوونی زیاتر بڕوات؟
بێگومان ته‌نگژه‌ی دارایی هۆی سه‌ره‌كییه بۆ كه‌می به‌رهه‌مهێنانی فیلم و دراما. له هه‌مانكاتدا دراما دۆبلاجكراوهكانیش هۆكارێكی ترن بۆ لاوازكردنی دراما كوردییه‌كان و كاریگه‌ریی ته‌واویان به‌سه‌ر بینه‌ری كورده‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌وان له ڕووی دراماوه پێشكه‌وتوون و درامای دوورودرێژ به‌رهه‌م دێنن و خه‌ڵكێكی زۆریبینهریان بۆخۆیان ڕاكێشاوه.
كه‌واته ئێوه وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی بواری نواندن هیچ پڕۆژه‌یه‌كتان هه‌یه پێشكه‌شی حكوومه‌تی بكه‌ن تا گرنگی زیاتر به به‌رهه‌مهێنانی فیلم و درامای كوردی بدرێ؟
نه‌خێر هیچ پڕۆژه‌یه‌كمان نییه، به‌ڵام به‌رده‌وام له ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه داوامان كردووه گرنگی بدرێت به به‌رهه‌مه خۆماڵییه‌كان و گرنگی زیاتر به هونه‌رمه‌ندانی بواری نواندن بدرێ، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ده‌ره‌وه و به‌شداری بكه‌ن له فێستیڤاڵه‌كان و بایه‌خی ته‌واومان پێ بدرێت.
پێتوایه پێشكه‌وتنی دراما بیانییه‌كان به‌هۆی گرته‌ی ورووژێنه‌ر و ڕۆمانسییه‌وه بێ؟
هه‌میشه له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی هونه‌ری كوردیدام، به‌ڵام له نه‌ریت و كولتووری كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی لا نه‌دات، هیچ كات له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره ڕه‌فتارانه‌دا نیم و هیچ كاتێكیش ئه‌وه به پێشكه‌وتن نازانم.
جگه له فیلم و دراما، بۆ كاری ڕێكلام رۆڵت بینوه؟
نه‌خێر بۆ هیچ شوێنێك كارم نه‌كردووه و ناشیكه‌م، چونكه من موڵكی هیچ شوێنێك یان ده‌زگه‌یه‌ك نیم، به‌ڵكو هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆم و ته‌نیا بۆ میله‌ته‌كه‌م كار ده‌كه‌م.
خۆت زۆر جار ڕه‌خنه له بینه‌ران ده‌گریت به‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ی بۆ درامای بیانیتهرخان یدهكهن، بۆ به‌رهه‌می خۆماڵینایكهن، به‌ڵام له هه‌مانكاتیشدا كاری دۆبلاج بۆ دراما بیانییه‌كان ده‌كه‌یت، بۆچی؟
زۆر ڕاسته بینه‌ر كات زۆرتر بۆ به‌رهه‌مه بیانییه‌كان ته‌رخان ده‌كه‌ن، چونكه وڵاتان له‌ڕێی دراماكانیانهوه ئاشنامان ده‌كه‌ن بۆ زۆر شتی تایبه‌ت به خۆیان له ڕووی كولتوور و جوانی كاڵا و به‌رهه‌مه‌كانیان، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی ڕه‌فتاره‌كانیان له‌گه‌ڵ منداڵ و گه‌نج و پیر و به ساڵاچوو و خه‌ڵكی تر، پاشان له‌ڕووی نواندنه‌وه زۆر به‌هێزن، بۆیه كاتێك ئێمه كاری دۆبلاج بۆ به‌رهه‌می بیانیدهكهین، خۆیشمان سوودی زۆریان لێ ده‌بینین بۆ كاره‌كانی خۆمان.
كام له كاره‌كانت زۆر خۆشه‌ویستن و جیاوازن؟
ته‌واوی كاره‌كانم به دڵه و شانازی به هه‌موویانه‌وه ده‌كه‌م، به‌ڵام له هه‌موویان زیاتر كۆتا كارم كه كورته فیلمی "دوا چاره‌نوس" بوو، چونكه خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌رم به‌بۆنه‌ی ئه‌م كارهمهوه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی ڕۆشنبیری پێشمه‌رگه‌وه پێ به‌خشرا.
به گشتیی له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه ئامانجت چییه؟
بێگومان خه‌ونی هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكه كه ببێته ئه‌ستێره‌یه‌كی جیهانی، منیش ئه‌م خه‌ونه‌م هه‌یه و ئه‌گه‌ر گرنگیم پێ بدرێت، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانم و بۆ من ئه‌سته‌م نییه، چونكه له ڕووی نواندنه‌وه زۆر به توانام و هه‌وڵیش ده‌ده‌م، به‌ڵام به‌شێوه‌ی خۆ بردنه‌پێشه‌وه نا، به‌ڵكو به‌هۆی نواندنی جوانه‌وه ده‌مه‌وێت به‌م خه‌ونه‌م بگه‌م.
وشه/ دیمانه - محه‌مه‌د جه‌مال