کەسانی نەناسراو پەیکەری ژنە تەنیاکەی دەربەندیخانیان شکاند

:: PM:01:36:17/08/2019 ‌

لە دەربەندیخان چەند کەسی نەناسراو درەنگانی شەوی رابردوو پەیكەری ئافرەتە تەنیاكەیان شكاندووە كە هونەرمەند بەیان مانی دروستی كردووە و دەڵێ نازانم سکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکەم، قایمقامیش دەڵێ، بەدواداچوونی ورد دەكەین بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەوكارە نەشیاوە.

ئەمڕۆ شەموو 17ی ئاب، بەیان مانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەداخەوە پەیكەری "ئافرەتێك لە تەنیایی" كە پێنج ساڵ سەرقاڵی دروستكردنی بووم و ماوەی سێ ساڵە لە نزیك تونێلی دەربەندیخان دامناوە، گوزارشتی لە تەنیایی ئافرەتێك دەكرد لە شوێنێكدا تەنیا خۆیەتی، كەچی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە شكێنراوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو پەیكەرەم لەسەر ئەرك و حسابی خۆم دروست كردبو و پێم خۆش بوو بە كارێكی هونەری خزمەت بە شارۆكەی دەربەندیخان بكەم و بەرهەمی كارێكی هونەریشم لەو شارە هەبێت، بەڵام ئەمشەو پێم راگەیەنرا پەیكەرەكە شكێنراوە.

"نازانم سكاڵا لەسەر كێ تۆمار بكەم، چونكە نازانم كێ ئەو کارەی کردووە، بەدەر لەوەش كامێرای چاودێری لەو شوێنە نیە تا كەسی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە، هەرچەند دەبوو بەهۆی تونێلی دەربەندیخانەوە لەو جێگەیە كامێرای چاودێری هەبوایە" بەیان مانی وای گوت.

ناسیح مەلا حەسەن، قایمقامی شارۆكەی دەربەندیخان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە بەو کردەوە نەشیاوە نیگەرانین و پۆلیس رادەسپێرین بۆ لێکۆڵینەوە، چونکە كاری لەو شێوەیە جێگەی قبوڵكردن نیە.

دەربەندیخان/ سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان