به‌دلیس یه‌كێكه له شاره‌كانى باكورى كوردستان و ناوه‌ندی پارێزگاكه‌یه، رووبه‌رى 8،413 كیلۆمه‌تر دووجایه. له‌گه‌ڵ هاتنى میر شه‌ره‌فخانى به‌دلیسی (١٥٤٣-١٦٠٣) بۆ شارى به‌دلیس له كانوونی دووه‌می ١٥٧٨، دوای ئه‌وه‌ی له جه‌نگی نێوان سه‌فه‌وی و عوسمانی‌دا پشتی سه‌فه‌وی به‌رده‌دات و لایه‌نگیری له عوسمانی ده‌كات، به‌خۆی و ٤٠٠ چه‌كداره‌وه دژ به سه‌فه‌وی ده‌وه‌ستن و سه‌ركردایه‌تیی له‌شكری عوسمانی ده‌كات له ساڵی ١٥٨٩ كه له سه‌رده‌می سوڵتان مورادی سێیه‌م ده‌بێت. له پای نه‌به‌ردیی میر شه‌ره‌فخان، سوڵتان موراد پایه و ناسناوی خان ده‌به‌خشێته شه‌ره‌فخان و ده‌یكاته میری ویلایه‌تی به‌دلیس.
له‌به‌رئه‌وه‌ى شه‌ره‌فخان رۆشنبیر و سیاسه‌توان و مێژوونووسی ناوداری كورد و خاوه‌ن كتێبی مێژوونامه‌ی شه‌ره‌فنامه بوو، بۆیه له سایه‌ى حوكمڕانیى میر شه‌ره‌فه‌دین و كوڕ و نه‌وه‌كانى، شارى به‌دلیس له رووى شارستانیی و رۆشنبیرییه‌وه پێشكه‌وتنى مه‌زن به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ به‌تایبه‌تى له ساڵی ١٥٩٠دا، واته له ته‌مه‌نی ٥٣ ساڵیدا كاتێ جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌وایی خۆی ده‌داته ده‌ست شه‌مسه‌دین به‌گى كوڕی.
هه‌ر له‌كاتى فهرمانڕهوانیى میر شه‌ره‌فه‌دین تا ده‌گاته حوكمى "میر عهبدولخانى كوڕى زیائولدینى كوڕى شه‌ره‌فه‌دین" نه‌وه‌ى شه‌ره‌فه‌دین، شارى به‌دلیس نزیكه‌ى 500 زانا و مامۆستا و قوتابى و شاگردى تا كۆتایی سه‌ده‌ى شازده‌یه‌م په‌روه‌رده كردووه. له سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌یه‌مدا پێنج مزگه‌وتى گه‌وره، پێنج قوتابخانه‌ى ئاینى، 70 قوتابخانه‌ى سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ 19 ته‌كیه و خانه‌قاى تێدا بووه، كه سه‌رجه‌میان شوێنى فێربوونى زانست و هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات بوون.
كتێبخانى گشتیی شاره‌كه هه‌زار كتێبى له‌خۆ گرتبوو كه هه‌ندێكیان له ئه‌وروپاوه هێنابوو. میر عه‌بدال خان بۆ خۆی هونه‌رمه‌ندێكى به‌تواناى بوارى وێنه‌كێشان و خۆشنووسى و نیگاركێشی بووه، 76 كتێبى داناوه، به‌مه‌ش كاریگه‌ریى ئه‌رێنیى هه‌بووه له بڵاوكردنه‌وه‌ى هونه‌ر و رۆشنبیرى. هه‌ر له سه‌رده‌مى عه‌بدال خان نه‌ك به‌ته‌نیا ره‌وشى رۆشنبیرى، به‌ڵكو هونه‌رى موزیك و گۆرانیش زۆر پێشكه‌وتووه، سه‌دان لاوك و به‌سته بڵاو بوونه‌وه.
شارى به‌دلیس نه‌ك هه‌ر ده‌بێت به پایته‌ختى رۆشنبیریى هه‌رچوار پارچه‌ى كوردستان، به‌ڵكو له سه‌ده‌كانى شازده و حه‌ڤده‌یه‌م كاریگه‌رى ته‌واو ده‌كاته سه‌ر ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى، هاوكات كاریگه‌رییه‌كى گرنگى ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانى بزووتنه‌وه‌یه‌كى رۆشنبیرى له باكورى كوردستان و په‌یدابوونى كۆمه‌ڵێ شاعیر و بیرمه‌ندی كورد له باكورى كوردستان، له‌وانه (فه‌قێ ته‌یران 1563 _ 1641 شیعری به دیالێكتى كرمانجى ژووروو نووسیوه)، هه‌روه‌ها (مه‌لاى جزیرى 1567 _ 1640 یه‌كه‌م شاعیرى كورد بووه بۆ یه‌كه‌مجار وشه‌ى "كوردستان"ى له شیعره‌كانى خۆیدا به‌كار هێناوه، شاعیر و فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندى كورد "ئه‌حمه‌دى خانى" داستانى (مهم و زین) ده‌نووسێت و بۆ یه‌كه‌م جاریش له مێژووى كورددا فه‌رهه‌نگێك داده‌نێ به‌ناوی "نوبار" بۆ منداڵان، هاوكات شاعیرى كورد سه‌لیمى سوله‌یمان له ساڵى 1586 _ 1587 داستانى "یوسف و زوڵه‌یخا" به شیعر ده‌نوسێته‌وه. عه‌لى تهڕهماخیی شاعیریش كه له ساڵى 1591 به‌دواوه ده‌ركه‌وتووه، "قه‌واعیدى عه‌ره‌بى"ی به زمانى كوردى نووسیوه‌ته‌وه. ئه‌مه و ده‌ركه‌وتنى ده‌یان نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندى ناودارى تر‌ى كورد.
شه‌ره‌فنامه
شه‌ره‌فنامه له سێ ڕووپه‌ڕ پێك هاتووه. هه‌ریه‌ك له‌وانه به‌سه‌ر چه‌ند به‌ندێك و چه‌ند ده‌سته و لقێكدا دابه‌ش كراون. به كورتی كتێبه‌كه به‌پێی جۆری فه‌رمانڕه‌وایی یان ماڵه‌میران و ده‌سه‌ڵاتدارنی كورد دابه‌ش كراوه.
یه‌كێك له به‌رهه‌مه زۆر گرنگه‌كانى تر‌ى شه‌ره‌فخان كه یه‌كێك بووه له گه‌وره‌ترین ڕووناكبیران و نووسه‌رانی سه‌رده‌می خۆی، نووسینه‌وه‌ی "شه‌ره‌فنامه"یه، ئه‌و كتێبه‌ى سیخناخه له زانیاریی له‌باره‌ی جیۆگرافیا و ژیانی ڕامیاری و ده‌سه‌ڵاتی كورد و زمان و ڕووه هه‌مه‌جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی تێدا تۆمار كردووه. شه‌ره‌فنامه گه‌لێ بابه‌تی سه‌ره‌كی و گرنگی گرتووه‌ته خۆ، وه‌ك ئه‌م نموونانه:
حكوومه‌ته كوردییه‌كانی مه‌ڕوانی و حه‌سنه‌وی و فه‌زڵه‌وی و ئه‌یووبی.
حاكمه كورده‌كانی پشتاوپشت حوكمڕانییان كردووه.
ئه‌و حاكمه كوردانه‌ی سكه‌یان لێ داوه و وتاریان به‌ناو خوێنراوهتهوه.
جگه له‌مانه‌ش به دوور و درێژی باسی حكوومه‌تی به‌دلیسی كردووه.
وه‌رگێڕانى شه‌ره‌فنامه:
ئه‌م په‌رتووكه‌ی شه‌ره‌فنامه له كۆنه‌وه گرنگییه‌كی زۆری پێ دراوه، له ساڵی ١٦٦٧ له زمانی فارسییه‌وه له‌لایه‌ن شامی ناوێكه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی توركی، له دواییدا "ولیامینۆف"ی ڕووسى كردوویه‌تییه ڕووسی و به چاپی گه‌یاندووه. "كارمۆی" مێژوونووسی فڕه‌نسایش كردوویه‌تییه فڕه‌نسی و له میسریش مێژوونووسی كورد "محه‌مه‌د عه‌لى عه‌ونى" كردوویه‌تى به عه‌ره‌بى.
له چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو به فارسی چاپ كراوه و مه‌لا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی له ساڵی ١٩٥٣دا به په‌راوێزێكى به‌نرخه‌وه كردوویه‌تییه عه‌ره‌بی و به چاپی گه‌یاندووه. دواجاریش هه‌ژار موكریانی به په‌راوێز و پێشه‌كییه‌كی درێژه‌وه كردوویه‌تییه كوردی و له ساڵی ١٩٧٢دا چاپ كراوه.
مامۆستا هه‌ژار له پێشه‌كیی وه‌رگێڕانه‌كه‌دا كارێكی كردووه كه وا ده‌كات وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ببێته ده‌قێكی زۆر باوه‌ڕپێكراو له ڕووی وه‌رگێڕانه‌وه. هه‌ندێ زانا و نووسه‌ری به ناوبانگی كوردی ئاگادار كردووه‌ته‌وه لێی و ده‌ستنووسه‌كه‌ی بۆ ناردوون، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای بكه‌ن و هه‌ڵه‌كانی بۆ دیاری بكه‌ن. یه‌كێ له‌وانه مامۆستا كه‌مال مه‌زهه‌ر كه به خه‌تی خۆی له لاپه‌ڕه‌ی 60ی نووسراوی وه‌رگێڕانه‌كه‌ی هه‌ژاردا ده‌ڵێ "له‌سه‌ر داوای مامۆستا هه‌ژار خۆی ده‌ستنووسی شه‌ره‌فنامه‌م كردووه‌ته كوردی- له‌گه‌ڵ چاپی ڕووسی و عه‌ره‌بی ئه‌و كتێبه‌دا به‌راوردم كرد. له ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت كه ته‌رجه‌مه‌كه زۆر ڕێك‌وپێك و ئه‌مینه و له هیچ شوێنێكدا جیاوازیم به‌رچاو نه‌كه‌وت."
تا ئێسته جگه له زمانی كوردی و عه‌ره‌بی، جارێكى تریش وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانه‌كانى ئینگلیزی، فڕه‌نسی، ڕووسی، ئازه‌ری و توركی. له ساڵی ١٨٧٣ تا ١٨٧٥ فڕانسۆ شارمۆ (François Charmoy) كه خوێنده‌واری زمانی فارسی بووه، شه‌ره‌فنامه‌ی وه‌رگێڕاوه سه‌ر فڕه‌نسی و له سانپێتربورگی ڕووسیا له چاپی داوه.
شه‌ره‌فخان:
"شه‌ره‌فخان كوڕی شه‌مسه‌دین به‌دلیسى"یه. له ٢5ی شوباتی ١٥٤٣ له گوندی گه‌رمه‌ڕووی سه‌ربه شاری قوم له ئێران له دایك بووه. له دیوه‌خانی شا ته‌هماسپی یه‌كه‌م له ساڵی ١٥٤٣ تا ١٥٧٦ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی ئه‌ودا ژیاوه. له ئێران شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی ساڵی ١٥٧٦ پایه و ناسناوی میری میران ده‌به‌خشێته شه‌ره‌فخان و ده‌یكاته سه‌رۆكی هۆزه‌كانی كوردی ئێران.
له ساڵانی ١٥٩١ تا ١٥٩٢ ده‌ست ده‌كات به نووسینی شه‌ره‌فنامه و له ٤ی ئابی ١٥٩٧ له نووسینی شه‌ره‌فنامه ته‌واو ده‌بێت و پوخته‌ی نووسینه‌كانی له دوای ساڵی ١٥٩٧دا كۆتایی پێ هێنا. میر شه‌ره‌فخان له ساڵی ١٦٠٣ یان ١٦٠٤ كۆچی دوایی كردووه. به ساڵنامه‌ی زاینی ٦٠ ساڵ ژیاوه. شه‌ره‌فنامه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی و چڕوپڕی مێژووی خه‌ڵكی كورد و كوردستانه.
داگیركردنى به‌دلیس
له ساڵى 1655 سوڵتانى عوسمانى مه‌لیك ئه‌حمه‌د پاشاى دڕنده، هێرش ده‌كاته سه‌ر شارى به‌دلیس و پاش داگیركردنى، وێران و تاڵانى ده‌كات و كتێبه‌كان و سه‌رجه‌م تابلۆكان ده‌سووتێنێ.
سه‌رچاوه:
1. شه‌ره‌فنامه‌ى شه‌ره‌فخانى به‌دلیسى / وه‌رگێڕانى ـ هه‌ژار موكریانى
2. كرۆنۆلۆجیاى كوردستان / فه‌رهاد پیرباڵ : ده‌زگه‌ى ئاراس _ هه‌ولێر 2011
وشه/ كه‌ركووك- ستار جه‌بارى