لە هەولێر هاووڵاتییەك دەكوژرێت و شوفێرەكەش ڕادەكات

:: AM:09:34:18/08/2019 ‌
شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلێك خۆی بە هاووڵاتییەك دەكێشێت و دواتر لە شوێنی ڕووداوەكە ڕادەكات و هاووڵاتییەكیش گیان لە دەست دەدات.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی ئاب، بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری "وشە"، سەعات یەكی شەوی ڕابردوو لەسەر شەقامی 100 مەتری بەردەم بەنزیخانەی ئاكار، ئۆتۆمبێلێك خۆی بە هاووڵاتییەك دەكێشێت و ڕادەكات.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، ئەو كەسەی لە شوێنی ڕووداوەكە گیانی لە دەست داوە، ناوی  فەهد حەیدەرە و  دوای ڕووداوەكەش شوفێرەكە لە شوێنەك ڕادەكات.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ 2019 لەناو شار و دەوروبەری، ٥٢٣ ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار كراون و ٨٦ ڕووداویان بەهۆی ماتۆڕسكیلەوە بووە، هەر بە هۆیانەوە ٨٥ كەس گیانیان لە دەست داوە و ٥٣٥ كەسیش بریندار و پەككەوتە بوونە.

بەهۆی پابەندنەبوون بەخێرایی لێخوڕین لە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە هەواڵی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و پێداكێشانی ئۆتۆمبێل بڵاو دەبێتەوە. بە گوێرەی گوتەی بەرپرسانی هاتوچۆ، بەشی زۆری ئەم پێداكێشان و ڕووداوانە بەهۆی پابەندنەبوون بە خێرایی دیاریكراو، هەورەها پابەندنەبوون بە ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆیە.



وشە - رامیار جەواد