خانووە شوێنەوارییەكانی كەركووك مەترسیی داڕووخانیان لەسەرە

:: AM:11:38:18/08/2019 ‌
كەركووك خاوەنی شارستانیی و شوێنەوار و كەلەپووری تایبەت بەخۆیەتی و مێژوویەكی دێرینی هەیە، لەناو پاشماوەكانیش هەندێكیان خاپوور بوون و بەشێكی تریشیان بەرەو نەمان دەچن، لەناویاندا خانووەكانی قەڵای كەركووك مەترسیی داڕووخانیان لەسەرە.

گەڕەكەكانی شاترلو، حەمام عەلی بەگ، موسەڵا، ئیمام قاسم و پیریادی كە گەڕەكی كۆنی شارەكەن، لە سەردەمی خۆیاندا جووەكان خانووەكانیان دروست كردوون، بەتایبەتی خانووەكانی قەڵا و گەڕەكی پیریادی، ئێستە بەشێك لەو خانووانە رووخاون و بەشێكی تریشی پارێزگارییان لێ كراوە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژوییەكان، قەڵای كەركووك لە سەردەمی پاشای ئاشووری بونیاد نراوە و هاوكات بۆ ئەوكات سەنتەرێك بووە بۆ حەوانەوەی كاروانی بازرگانان. شوێنەوارناسێكش لەوبارەیەوە دەڵێت، پێویستە شوێنەوار و كەلەپووری شارەكە، پارێزگارییان لێ بكرێت چونكە گەنجینەی كەركووكییانن.

شەیدا محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری كەركووك دەڵێت، پێویستە پارێزگاری لە شوێنەوارە دێرینەكانی كەركووك بكرێت، لە دەستووری عێراقیشدا یاسایەك هەیە دەڵێ شوێنەوار نابێ بێتە رووخاندن. كەچی داعش لە حەویجەی سەربە شاری كەركووك، دوو باڵەخانەی شێخ حەماد و ئیمام ئیسماعیلی تەقاندەوە كە مێژوویان بۆ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.

ئێستەیش شوێنەواری داڕووخان بە خانووە كۆنەكان و قەڵای كەركووك دیارە. ئەمەش  ئەوە دەگەیەنێت كە شوێنەوارە دێرینەكان مەترسی و هەڕەشەی خاپووربوونیان لەسەرە، بۆیە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە.

کەرکووک/ ئەحمەد حەسەن


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د