بكوژی كرێكاری بەنزینخانەی شۆڕش گیرا

:: AM:08:53:19/08/2019 ‌
شەوی ڕابردوو لەلایەن كەسێكەوە لە بەنزینخانەیەك تەقە لە كارمەندێك دەكرێ و دەیكوژرێ، بكوژەكە گیرا و دەڵێت لەسەر ئەو پارەیە كوشتوومە لە دەستیەتی.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئاب، ڕەمك ڕەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ بڵاوی كردووەتەوە، شەوی ڕابردوو لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆكەی چەمچەماڵ لەلایەن چەكدارێك بەسواری ماتۆڕسكیلێك كرێكاری بەنزینخانەی شۆڕش بەناوی (زانا عوسمان كامیل لە دایكبووی ۲٠٠۳) دەكوژێت و پارەكانی دەدزێت و چەكدارەكە هەڵدێت.

ڕوونی كردووەتەوە، پاش بەدواداچوونێكی زۆر و گەیشتن بەسەرچاوەی دیاریكراو لە سەعات چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەكی چەرموو سیتی سەر بە شارەدێی شۆرش توانییان تاوانبار بگرن.

باسی لەوەش كردووە، تاوانبار "س ، م" دانیشتووی شارەدێی سموودی سەر بە شارۆكەی كەلارە، بەمیوانی سەردانی چەمچەماڵی كردووە و ئێستە گیراوە و بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی ددانی بەتاوانەكەیدا ناوە بەمەبەستی دزینی پارەكەی دەستی كوشتوویەتی.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پێشتر هۆشدارییان دابوو لە زۆربوونی چەك لە دەستی هاووڵاتییان.



وشە - رامیار جەواد