توركیا بۆردمانی پشدەری كرد و بریندار هەیە

:: AM:11:09:19/08/2019 ‌
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەبیانووی پەكەكە بۆردمانی گوندێكی شارەدێی سەنگەسەری دەڤەری پشدەریان کرد و بەهۆیەوە هاووڵاتییەك بریندار بوو.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئاب، نەهرۆ عەبدوڵا بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگەسەر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمانی گوندی بۆڵێیانی سنووری شارەدێی سەنگەسەرییان كرد.

بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگەسەر گوتی، لەو بۆردمانە هاووڵاتییەك لەناو خانوویەكدا بریندار بووە و برینی سەختە و خانووەكەش ڕووخاوە.

چەكدارانی پەكەكە لە ڕابردوو لەو سنوورە چەندین جار داوایان لێكراوە جێی بهێڵن كەبوونەتە هۆی بۆردوومانكردنی ناوچە سنوورییەكان و گیان لە دەستدانی سەتان هاووڵاتی.

پێشتر بەرپرسانی هەرێمی كوردستان داوایان لە چەكدارانی پەكەكە كردووە هەرێمی كوردستان بەکار نەهێنن بۆ چالاکی چەکداری دژی تورکیا و نەبنە هۆی ئاوارەیی و ماڵوێرانی هاووڵاتییانی هەرێم.





وشە - رامیار جەواد