عێراق و وڵاتانی ئەوروپا گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی 10 هەزار چەكداری داعش دەكەن

:: AM:11:37:19/08/2019 ‌
سەرچاوەیەكی بەرپرس ئاشكرای دەكات، گفتوگۆ لەبارەی چارەنووسی 800 چەكداری داعش لە نێوان عێراق و وڵاتانی ئەوروپی دەستی پێ كردووە، عێراقیش رازی بووە ئەوانەی پێیان خستۆتە ناو خاكەكەی دادگاییان بكات.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئاب، سەرچاوەیەكی بەرپرس ئاشكرای كرد، پێش پشووی جەژن، گفتوگۆكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا، فڕەنسا و بەریتانیا لەبارەی چارەنووسی چەكدارە داعشەكانی وڵاتانی ئەوروپا دەستی پێ كردۆتەوە.

ئەو 800 چەكدارە كە بەشێكە لە 10 هەزار چەكدار، لە ئێستەدا لە چەند سەربازگەیەكی هەسەدە لەسەر سنووری عێراق بەند كراون، حكوومەتی عێراقیش قبوڵی كردووە لەسەر خاكەكەی ئەودا دادگایی بكرێن دوای ئەوەی لە لێكۆڵینەوەكان دەربكەوێت ئەوانە لەناو خاكی عێراق شەڕیان كردووە.
 
جیمس جیفری نێردەی ئەمەریكا بۆ کاروباری سووریا رای گەیاند، نزیكەی 10 هەزار چەكداری داعش لە سەربازگەیەكی هەسەدە بەندن، ئاشكرای كرد، زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا لە هەوڵدان لەگەڵ عێراق بگەنە رێككەوتن كە قبوڵی ئەو چەكدارانە بكات و بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دادگاییان بكات.

بەپێی راپۆرتێكی "سۆمەرییە" سەرچاوە بەرپرسەكە گوتویەتی، گفتوگۆكان بەردەوامن و هەر وڵاتێك دەیەوێت دۆسیەی چەكدارە داعشەكانی یەكلا بكاتەوە، ئەوان بەڵێنیان بە عێراق داوە دەستوەردان ناكەن لە كاروباری دادگایی كردنیان و هیچ رەخنەیەكیش ناگرن.
زیاتر روونی دەکاتەوە، گفتوگۆكان لە ئێستەدا لەسەر چارەنووسی 800 چەکدارە كە بەشی زۆریان ئەڵمانی و بەریتانی و فڕەنسی و كەنەدی و سویدین و بە رەچەڵەك عەرەبن".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە هەندێك لە بەڵێنە كۆنەكانی وڵاتانی ئەوروپا كرد كە بەرانبەر بە وەرگرتنی ئەو چەكدارانە بە دەسەڵاتدارانی عێراقیان داوە، لەوانە نۆژەنكردنەوەی گرتووخانەكانی عێراق و پێدانی پارە بە عێراق، لە ئێستەشدا هەمان بەڵێنیان داوە و داواش دەكەن حكوومەتی عێراق هەموو ئەو چەكدارانە وەرگرێت چ ئەوانەی لەسەر خاكی عێراق شەڕیان كردووە یان نەیان كردووە.
 
 
پێوەنست بە چەكدارە داعشەكانی وڵاتانی عەرەبیش، سەرچاوەكە روونی كردەوە كە وڵاتەكانیان تا ئێستە لەسەر ئەو پرسە هیچ قسەیەكیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی نەكردووە و حكوومەتی عێراقیش هیچ ئامادەییەكی نییە چەكدارە داعشە سعوودی و میسری، لبنانیی، ئوردنی و فەلەستینییەكان دادگایی بکات. 
 
ئەو هەوڵانە لە كاتێكدایە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقی پێشتر رای گەیاند بوو تا ئێستە 600 چەكداری داعشی بیانی دادگایی كراوە و بڕیاری سێدارەیان بەسەر سەپێنراوە، بەڵام وڵاتانی ئەوروپی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ناڕەزایەتییان لەسەر بڕیارەكانی دادگا نیشان داوە. 



وشە - فه‌رمان سادق