مەرجەكانی خوێندنی باڵا بۆ مامۆستایان ڕاگەیەندرا

:: AM:11:53:19/08/2019 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێنوێنی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە لایەن مامۆستا و فەرمانبەرانەوە بڵاو دەكاتەوە کە بە مووچەی بنەڕتییەوە دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئاب، بەپێی بڕیارێكی وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە مۆڵەت وەرگرتن بە مووچەی بنەڕەتی دەبێت و چەند مەرجێكیش بۆ ماوەی خزمەت و كۆ نمرەی گشتی و بواری خوێندنەكە دیاری كراوە.

لە مەرجەكان ئاماژە بە ساڵی خزمەت و منداڵ و پڕ كردنەوەی بەڵێننامە بۆ وەزارەتی پەروەردە دراوە كە دوو هێندەی مۆڵەتی خوێندنەكەی خزمەتی مامۆستایەتی بكات و كێبڕكێ‌ هەیە لەسەر كورسییەكان و ژمارەی کورسییەکانیش سنووردارە.

دوێنێ وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەشت بڕیاری نوێی دەركرد بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی وانە وتنەوەی مامۆستایان لە قوتابخانە حكوومی و ناحکوومییەكان.

لە یەكێک لە بڕیارەكان هاتبوو، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆیان نییە وەك دەستەی كارگێڕی یان فەرمانبەر یان مامۆستا یان هەر سیفەتێكی دیكە لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكوومییەكاندا كار بكەن.

















وشە - رامیار جەواد