شانۆگەری "نامەکانی دەریا" لە ئێران نمایش دەکرێت

:: PM:12:14:19/08/2019 ‌

شانۆگەری "نامەکانی دەریا" بیرۆکە و دەرهێنانی هونەر تاهیرە و لە نواندنی هەریەک لە کەیفی ئەحمەد و فەرەیدوون حەمەدەمینە و بە سپۆنسەری هیمداد سکتانی و سەنتەری چالاکی گەنجانی کۆیە و گروپی شانۆ بۆ شانۆی شەقامی کۆیە بە شداری دەکات لە دەیەمین فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی لاهیجان لە ئێران.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئاب، هونەر تاهیر دەرهێنەری ئەم شانۆگەرییە بە "وشە" ی ڕاگەیاند، ڕۆژانە لە 18 تا 21ی مانگی ئاب لە هەشت شوێنی شاری لاهیجان لە ئێران ئەو شانۆگەرییە نمایش دەکرێت و 26 گروپی شانۆیی لەم فێستیڤاڵە بەشدارن و تەنیا هەرێمی کوردستان وەکو تاکە گروپی دەرەوەی ئێران لەم فێستیڤاڵە بەشدارییان کردووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەم شانۆگەرییە باس لە فڕێدانی پلاستیک و پاشماوە و زبڵ و خاشاک دەکات بۆناو ئاو، ئەمەش دەبێتە زیان گەیاندن بە ئاژەلو ماسییەکان، هەروەها زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤیش دەبێت، بۆیە دەبێ ئاگادار بین و زبڵ و خاشاک فڕێ نەدەین و ژینگەی خۆمان خۆش بوێت.

هەولێر/ گەرمیان گلی



وشە - هیدایه‌ت جان