بڕیارێك سەتان هەلی كار دەڕەخسێنێت

:: PM:02:00:19/08/2019 ‌
دوای بڕیاری وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕاگرتنی كاری مامۆستایان لە قوتابخانە ناحكوومییەكان هەلی کار دەڕەخسێنێت و سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش بە بڕیارێكی گرنگی دەزانێت.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئاب، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێـی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیاری ڕێكخستنەوەی وانە گوتنەوەی مامۆستایان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە هەنگاوێكی باش و ئەرێنییە.

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان گوتی، ئەو بڕیارە وا دەكات مامۆستایانی گەنج و تازە دەرچووی كۆلێژ هەلی وانە گوتنەوەیان هەبێت و بێنە پێشەوە ئەوەیش وادەكات هەلی كاری زیاتر بۆ مامۆستایانی دانەمەزراو بڕەخسێنێت، هەرچەندە دەرگای بە تەواوەتی لەبەردەم مامۆستایانی تر دانەخستووە.

ڕوونی كردەوە، بڕیارەکە لە جێگەی خۆیەتی و ساڵی ڕابردووش پێشنیاز هەبوو بۆ كۆمەڵێك بریاری لەو شێوەبە، بەڵام بەهۆی تەنگەژەی دارایی نەدەكرا گوشار لەسەر مامۆستایان زیاد بكرێت كە ئێستە پاشەكەوتی مووچە نەماوە كاتی بڕیارەكەیە.

باسی لەوەشكرد، ئەو بڕیارە دەبێت بە هەنگاوێكی باش بۆ مامۆستایان تا خۆیان بە زانستی نوێ‌ ئاشنا بكەن و هەنگاو بۆ زۆرترین زانیاری بنێن.

وەزیری پەروەدەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی دوێنێ‌ وانە گوتنەوەی مامۆستایانی حكوومی لە قوتابخانە ناحكوومییەكان سنووردار كرد.



وشە - رامیار جەواد