ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاشكرای دەكات لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان لە ئەنجامی ئەو هێرشە سەدان هەزار كەس لەو ناوچانە كە كەوتبوونە ژێردەسەڵاتی داعش، روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، لەو كاتەدا جیاكردنەوەی هاووڵاتییانی ئاسایی و ئەوانەی پێوەندییان بە داعشەوە هەیە كارێكی ئاسان نەبوو و ئاستەنگی زۆری بۆ لایەنە تەناهییەکان درووست کردبوو.
ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئاب، دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، لە دوای ساڵی 2003ـوە تیرۆریستان كوردستانیان كردبووە ئامانج بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی و تێكدانی سەقامگیری هەرێمی كوردستان، لەدوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان هەرێمی كوردستان زیاتر كرابووە ئامانج، بەڵام بە هەوڵی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێم هەوڵەكانیان پوچەڵ كراونەتەوە و لەم بارەوە بە سەدان كەس بە بەڵگەوە گیراون كە پێوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشدارییان لە شەڕەكانیشدا كردبوو و ژمارەیەكیان ئافرەت و مێردمنداڵ بوون.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان باسی لەوە كردووە، حكوومەتی هەرێم و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ پرۆسەیەكیان دەست پێ كرد بۆ رادەستكردنەوەی ئەو گیراونە و لەم رووەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاری زۆری كردووە، بەپێی ئەم پرۆسەیەش تا ئێستە ژمارەیەكی بەرچاو لە گیراوانی داعش رادەستی بەغدا كراون، ئەوەیش بە فەرمانی دادگا پێوەندیدارەكان بووە.
باسی لەوەش كردووە، لە ماوەی رابردوو دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بڕیاریدا 277 بەندكراو بەپێی مادەی (سێیەم/ 7 تیرۆر) ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوای تیرۆر بكرێن ئەمەش بە چەند قۆناغێك بوو و لە هەر قۆناغێكدا (50 تا 55) لە بەندكراو پێكهاتبوو، هەروەها بەپێی بڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر 576 بەندكراو بەپێی مادەی چوارەم/ 1 لەیاسایی ژمارە 13ی ساڵی 2005 ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافەی بغدا كراون لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە پێنج قۆناغ لە هەر قۆناغێك (100 تا 120) بەندكراو ڕەوانە كراون.
ڕوونی كردوەتەوە: لە دوای ساڵی 2016 چەندین هاووڵاتی بیانی بە تۆمەتی پێوەندیكردنیان بە تیرۆرەوە گیراون كە خاوەنی رەگەزنامەی توركی و سووری و ئێرانی و چینی و ئەمەریكی و جەزائیری و چەند وڵاتێكی دیكەن بە تۆمەتی پێوەندییان بە داعشەوە و بەشێكیان رادەستكراونەتەوە لەوانە 15 بەندكراوی بە رەگەز توركی و سێ بەندكراوی بە رەگەز ئەڵمانی و سێ بەندكراوی بە رەگەز رووسی و دوو بەندكراوی بە رەگەز ئازەربایجانی، هەروەها رۆژنامەنووسی بە رەگەز ژاپۆنی "كۆسوكی سۆنیۆ كا" بە تۆمەتی بوونی پێوەندیی بە داعشەوە گیراوە، لە ساڵی 200 بۆتە موسڵمان و ناوی خۆی كردۆتە شامی، دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ژاپۆن نێردرایەوە وڵاتەكەی.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم سەبارەت بەو ئافرەت و منداڵانەی بە تۆمەتی تیرۆر گیراون و سزا دراون گوتی، بەپێی ئاماری لایەنە تەناهییەكان 677 كەس بە تۆمەتی تیرۆر گیراون لەوانە 30 ژن كە 22 یان راگیراون و هەشتیان سزا دراون، هەروەها شەش نەوجەوانیش بە هەمان تۆمەت راگیراون، هەروەها 37 بەندكراوی پیاو بە لە سێدارەدان سزا دراون، بەڵام لە ساڵی 2019 هیچ سزایەكی لە سێدارەدان بۆ بەندكراوان دەرنەچووە.