دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكان ناڕەزایەتی لێكەوتەوە و 500 كەس گیران

:: PM:03:00:19/08/2019 ‌

 دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی ئامەد و ماردین و وان، ناڕەزایەتی كوردانی لە سەرانسەری توركیا لێكەوتەوە و پۆلیسی ئەو وڵاتەش بە تۆمەتی پێوەندی بە پەكەكە نزیكەی 500 كەسی گرتووە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئاب، وەزارەتی ناوخۆی توركیا گرتنی 418 كەسی لە 29 هەرێمی وڵاتەكەی راگەیاند بە تۆمەتی پێوەندییان بە پەكەكە.

گرتنی ئەو 418 كەسە بەگوێرەی بەیاننامەكەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، دوابەدوای دوورخستنەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی ئامەد و ماردین و وان دێت، ئەگەری هەیە ژمارەی ئەو كەسانەی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و رژاونەتە سەر شەقامەكان، لە 418 كەس بەرزتر ببێتەوە و تا ئێستەش هەڵمەتەكە بەردەوامی هەیە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ ئه‌حمه‌د تورك سه‌رۆكى شاره‌وانیى مێردین، عه‌دنان سه‌لجوق سه‌رۆكى شاره‌وانیى ئامه‌د و به‌دیعه‌ ئۆزگوكچه‌ئه‌رتان سه‌رۆكى شاره‌وانیى وان دەركردووە، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش لە بەیاننامەكە دوورخستنەوەكە دەبەستێتەوە بە "تیرۆر" و دەڵێ "ئه‌و سێ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ كه‌ سه‌ر به‌ حزبێكى كوردین، تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌نجامدانى تاوان و له‌وانه‌یش پێوه‌ندییان به‌ رێكخراوێكى تیرۆریستى هه‌یه‌ و پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ تیرۆر كردووه"‌.

دەوڵەتی توركیا لە جێگەی هەر سێ سەرۆك شارەوانییەكە قەیومی لە جێگەدا داناون، هەریەكە لە ئەحمەد تورك و عەدنان سەلجوق و بەدیعە ئۆزگوكچەئەرتان لە هەلبژاردنی 31ی حوزەیرانی رابردووی شارەوانییەكانی توركیا لەسەر پارتی گەلانی دیموكرات، هەدەپە، براوەی هەلبژاردنەكە بوون بەرانبەر بە كاندیدی ئاكپارتی كە ئەردۆغان سەركردایەتی دەكرد.

 



وشە - فه‌رمان سادق