نوێنەری هەدەپە بۆ "وشە": هیچ بەهایەك بۆ هەلبژاردن و دیموكراسی لە توركیا نەماوە

:: PM:03:36:19/08/2019 ‌
بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، هەریەكە لە ئه‌حمه‌د تورك سه‌رۆكی شاره‌وانیی مێردین، عه‌دنان سه‌لجوق سه‌رۆكی شاره‌وانیی ئامه‌د و به‌دیعه‌ ئۆزگوكچه‌ئه‌رتان سه‌رۆكی شاره‌وانیی وان لە پۆستەكانیان دوورخرانەوە و بەهۆی ناڕەزایەتیش تا ئێستە 500 كەس گیراون. 

موزەیەن گونەش نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" دەڵێ، ئەوەی روودەدات بەشێكی پێوەندارە بە هەلبژاردنی ئەمدواییەی شارەوانی ئیستەنبۆڵ، چونكە دوای شكستیان لە هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان رای گەیاند بوو كە كۆتایی بە هەدەپە دەهێنم بەهۆی ئەوەی پشتگیری لە ئەكرەم ئیمام ئوغلوو كاندیدی جەهەپە كردووە.

موزەین، هێمای بۆ شكستی پلان و بەرنامەی ئەردۆغان بۆ رۆژئاوای كوردستان كرد، پێی وابوو شكستی لەو پلانە هۆكارێكی تری دوورخستنەوەی سەرۆكی سێ شارەوانییەكە، دوای ئەوەی لەلایەن ئەمەریكاوە رێگری لێكرا.

بڕیارەكەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە كەمتر لە هەفتەیەك بەسەر دوا دیداری ئۆجەلان لەگەڵ ماڵباتەكەی دێت كە پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوای دووبارە ئاشتەوایی كرد، هاوكات هەدەپەش داوای گەڕانەوەی ئاشتەوایی كرد.

موزەین پێی وایە وەڵامەكەی ئەردۆغان بۆ پەیامەكەی ئۆجەلان و هەدەپە كە دوورخستنەوەی سەرۆكایەتی سێ لە گەورەترین سەرۆك شارەوانی ناوچە كوردییەكان بووە، ئەوە دەردەخات كە ئیتر توركیا بە تەواوەتی بەرەو دیكتاتۆریەت هەنگاوی هەڵگرتووە و بەهایەك نەماوەتەوە بۆ دیموكراسی و هەلبژاردن.

 گوتی "چاوەڕوان بووین ئەوان هەنگاوی ئەرێنی بهاوێژن، بەڵام دیارە ئاكپارتی و مەهەپە رێككەوتنیان كردووە لەسەر قڕكردنی كوردان، ئەمەش سەرەتایەكە و بەردەوامی دەبێت"، زیاتر گوتی "بەرنامەكە ئەوەیە كە چیتر هیچ سەركردەیەكی هەدەپە نەمێنێت و كۆتایی بە گەورەترین حزبی كوردی بێنن، ئەو سیاسەتە سێ ساڵە بەردەوامی هەیە و تا ئێستە پێنج هەزار لە سەرۆك شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە بەندیخانەكانی توركیا گیراون و لە جێگەی ئەوانیش قەیومیان داناون كە سەر بە ئاكپارتی دەسەڵاتدارن".

جێی باسە لەسەر ئاستی ناوخۆی توركیا، جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنی ئاكپارتی، لە بەیاننامەیەكدا سەركۆنەی گرتنی سەرۆكی سێ شارەوانییە كوردییەكەی كردووە بەڵام مەهەپە كە هاوپەیمانی ئاكپارتی دەسەڵاتدارە، پشتگیری لێ كردووە.





وشە - فه‌رمان سادق