پۆلیسی سلێمانی وردەكاری كوشتنی كارمەندی بەنزیخانەكەی چەمچەماڵی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە كە سەعات چواری بەیانی ئەمڕۆ تۆمەتبارەكە گیراوە.
ئەوی ڕابردوو كەسێك لە یەكێك بە بەنزینخانەكانی چەمچەماڵ كارمەندێكی بەنزینخانەكە دەكوژێ و بڕی 240 هەزار دیناریشی لێ دەدزێ. سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، چواری بەیانی تۆمەتبارەكە گیراوە و دەستیش بەسەر دەمانچەكەیدا گیراوە.
روونیشی كردەوە كە ئەم تۆمەتبارە ماوەی مانگێكە لە چەمچەماڵە و لە ماڵی خزمێكی بووە، دەمانچەكەی بە 800 دۆلار كڕیوە و چەند جارێك چووەتە ئەو بەنزینخانەیە. شەوی رابردوو زانیویەتی بەنزینخانەكە چۆڵە بۆیە ئەو تاوانە گەورەیەی ئەنجامداوە.
گوتەبێژی پۆلیس وردەكاری ڕووداوەكەیشی بەمشێوەیە باسكرد، بكوژەكە دوای برینداركردنی دوای قوربانییەكە كەوتووە و لە ژووری كارگێڕی بەنزینخاكەیش تەقەی لێ كردووە. دوای كوشتنی، پارەكەی لەدەست دەرهێناوە.
كارمەندی بەنزینخانەكە تەمەنی 16 ساڵە، رووداوەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كاردانەوەی زۆری لێ كەوتەوە.