موقتەدا سەدر لە بۆنەی جەژنی غەدیر پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و داوا لە سەركردە شیعە و سوننەكانی عێراق دەكات، لە حوكمڕانیدا شوێنپێی ئیمامی عەلی هەڵگرن.
شەوی رابردوو 19ی ئاب، موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر لە تویتێكدا بە بۆنەی جەژنی غەدیر دەڵێ، ببوورە ئەی ئیمام ئێوە بە دادگەرییەوە حوكمتان كرد، بەڵام شیعەكانت ستەم دەكەن، ئێوە حوكمتان كرد و درهەمێك لە ماڵەكەتان نەبوو، بەڵام لە سەردەمی حوكمی شیعەكان هەژارەكان درهەمێكیان لە ماڵ نییە، ئێوە حوكمتان كرد و چاكەكاریت كرد، بەڵام شیعەكان تێكیان دا، ئێوە حوكمتان كرد و عێراقتان لەناو نەتەوەكان سەربەرز كرد، بەڵام شیعەكان شەرمەزاریان كرد.
سەدر لە تویتەكەیدا كە زیاتر وەك قەسیدەیەكی شیعری نووسیویەتی و "وشە" بەدواداچوونی بۆ كردووە، لە بەشێكی دەڵێ ببوورە ئیمامەكەم، شیعەكان تۆیان نەكردووە بە ئیمام بەڵكو حەز و ئارەزووەكانیان كردووە بە ئیمام، گوتی "لێرەوە داوا لە هەموو سیاسییەكانی شیعە و بازرگانانی شیعە دەكەم لە بۆنەی غەدیر كەمێك دادگەر بن، كەمێك بوێر بن، كەمێك تەقوا بكەن".
زیاتر گوتی "داوایان لێ دەكەم بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرن، شكۆ و سەربەخۆیی بڕیارەكەی بپارێزن".
سەدر هەر لەو تویتەدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئیمامی عەلی بۆ سوننەكان خەلیفەیەك بووە، بۆیە داوا لە سیاسییە سوننەكانیش دەكەم لەسەر رێچكەی ئیمامی عەلی بڕۆن".