سوپای عێراق دەكشێتەوە و دۆسیەی تەناهی شارەكان رادەستی پۆلیس دەكات

:: PM:12:04:20/08/2019 ‌
دواجار هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق، لەسەر ئیدارەدانی دۆسیەی تەناهی شارەكان گەیشتنە رێككەوتن و بڕیارە یەكەكانی سوپا لە شارەكان بكشێنەوە و دۆسیەكەش رادەستی پۆلیس بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی ئاب، نەجاح شەمەری وەزیری بەرگری و فەریق رائد شاكر جەودەت سەركردەی پۆلیسی فیدڕاڵی، تاوتوێی چۆنیەتیی رادەستكردنی دۆسیەی تەناهی شارەكانیان بە پۆلیسی فیدڕاڵ و كشانەوەی یەكەكانی سوپا كرد.

وەزارەتی بەرگری لە هەواڵێكدا كە ماڵپەری فەرمی وەزارەت بڵاوی كردۆتەوە و "وشە" بەدواداچوونی بۆ كردووە، ئاماژەی بە كۆبوونەوەی وەزیری بەرگری و سەركردەی پۆلیسی فیدڕاڵ دەكات، بەگوێرەی رێككەوتنەكەش دۆسیەی تەناهی شارەكان لەلایەن هێزە جیاوازەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ئیدارە دەدرێت.

 پرسی كشانەوەی یەكەكانی سوپا لەناو شارەكان، یەكێك بووە لەو پرسانەی بە بەردەوام مشتومڕی لەسەر هەبووە بەتایبەت لە شارە سوننەنشینەكان، تەنانەت هێز و لایەنە سیاسییە سوننەكان ساڵانێكی زۆرە داوای كشانەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش دەكەن.

وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەكەیدا هەڕەشەی توند لەو كەسانەش دەكات كە دەیانەوێت لە شكۆی سوپای عێراق كەم بكەنەوە، دەڵێ هەر كەس و لایەنێك بیەوێت لە شكۆی سوپا كەم بكاتەوە كە شەڕی دژ بە تیرۆری كردووە هاوشانی هێزەكانی پێشمەرگە و حەشد، ئەوا بە یاسا بەرەنگاریان دەبینەوە.

سەباج ساعدی سەرۆكی لیستی چاكسازی و بونیادنانەوە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، هیچ دامەزراوەیەكی تر جێی سوپا ناگرێتەوە و داواش لە عادل عەبدولمەهدی سەركردەی گشتی هێزی چەكدار دەكات كە كۆنتڕۆڵی میلیشیاكان بكات كە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودان، ئەوانەش دوور بخاتەوە كە رێز لە دامەزراوەكانی دەوڵەت ناگرن.

وەزارەتی بەرگری لە هەواڵەكەیدا كە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاویان كردووەتەوە، هیچ وادەیەكی دەستنیشان نەكردووە لە بارەی كشانەوەی یەكەكانی سوپا لەناو سەنتەری شارەكان و رادەستكردنی دۆسیەی تەناهی بە هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.


وشە - فه‌رمان سادق