ژمارەیەک گوندی باڵەکایەتی بێبەشن لە تۆڕی مۆبایل

:: PM:12:19:20/08/2019 ‌


بەشێک لە گوندەكانی سنووری شارۆکەی چۆمان لە تۆڕی مۆبایل بێبەشن و بۆ پەیوەندی کردن بە ناچاری روو لە شوێنە بەرزەکان دەکەن.


رێگر جەمال گەنجێکی دانیشتووی باڵەکایەتییە و بۆ "وشە" ئاشکرای دەکات، تۆڕەکانی مۆبایل لە دەڤەری باڵەکایەتی و زۆربەی شارەدێیەکان وەک پێویست نییە، زۆر خاو و خراپن، لە باڵەكایەتی گوندی وا هەیە تا ئێستا تۆڕی مۆبایلی نییە یان خراپ و سستە، وەک گوندەكانی، گوندەژۆر، شۆرێ، گەڵەژێر، خۆشكان، ئێنە، مەران، باسان، پڕژە و بە گشتی لە زۆر گوند ئەم گرفتە هەیە.


مەهناز وسوو کچە قوتابییەکی پەیمانگایە لە سنووری چۆمان و وەک بۆ "وشە"ی باس دەکات، دڤەری باڵەكایەتی شوێنێكی گەشتیارییە و پێویستە هەموو هێلێكی مۆبایل و ئینتەرنێتی هەبێت، ئەمەش وایكردووە گەنجان لە جیهانی هەواڵ و پێشكەوتن و خۆشی و زانیارییەكان بەدوور بن، داوامان وایە ئەم كێشەیە بۆ ئەم گوندانە چارەسەر بكرێت و تاوەری مۆبایل لە گوندەکان دابندرێت تا سوودمەند ببین .


وێڕای پێشكەوتنی جیهان لە ڕووی تكنەڵۆژیا و تۆڕەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، لە هەرێمی كوردستانیش چەند جۆرە هێلێكی ئینتەرنێت وەگەڕ خراوە، بەڵام لە سنووری باڵەكایەتی زۆرێك لە گوندەكان و هاوینەهەوارەكان كێشە و گرفتی هێلی ئەنتەرنێت و مۆبایلیان هەیە.


ئەحمەد قادر قائیمقامی چۆمان پشتڕاستی هەواڵەکەی کردەوە و بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی هەڵکەوتەی جیوگرافیای ناوچەکە و بەرز و نزمی گوندەکان تا ئێستە بەشێک لە گوندەکانی سنووری کارگێڕیمان بێبەشن لە تۆڕەکانی مۆبایل و هێڵەکانی ئینتەرنێت.


بە گووتەی قایمقای چۆمان، لەڕێی پارێزگاوە هەموو داواكاری گوندەكانمان گیاندۆتە كۆمپانیاكانی مۆبایل بۆ چارەسەر كردنی و دەشڵێت، هەر كەس و کۆمپانیایەک بۆ ئەم گرفتە هاتبێتە لای ئێمە، ئێمە هەوڵی خۆمان بۆ داوە و نووسراومان بۆ سەرووی خۆمان بەرز كردۆتەوە و پشتگیریشیان دەکەین بۆ دانانی بورج بە مەبەستی سوودمەند بوونی هاووڵاتییان لە تۆڕەکانی مۆبایل و پێوەندی کردن.


سنووری باڵەكایەتی پێکهاتووە لە شارۆکەی چۆمان و هەریەک لە شارەدێیەکانی سمیلان، گەڵاڵە، قەسرێ، حاجی ئۆمەران، لەگەڵ زیاتر لە 116 گوند.


چۆمان/ موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان