سزادان لەسەر پابەند نەبوون بە دەوام دەستی پێ كرد

:: PM:12:29:20/08/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی سزادانی ئەو فەرمانبەرانەی ڕاگەیاند كە پاپەندی دەوامی فەرمی نەبووە و ژمارەیان 27 فەرمانبەرە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی ئاب، بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی هاتووە، بەهۆی پابەند نەبوون بە كاتی دەوامەوە "لە هەشتی بەیانی تا سەعات سێ" سزای 27 فەرمانبەرانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەی داوە و مووچەی یەك رۆژی بڕیون.

لە نووسراوەكە ڕوون كراوەتەوە، ئەو فەرمانبەرانە پێش تەواوبوونی دەوامی ئاسایی، دەوامی خۆیان جێهێشتووە.

ئەو بڕیارە لە كاتێكە لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیار درا دەوامی فەرمانبەران ڕێك بخرێتەوە و دەوام لە هەشتی بەیانی بۆ سێ دەبێت و پێویستە فەرمانبەران پێوەی پاپەند بن.

بەهۆی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو، دەوام لە فەرمانگەكان تا سەعات یەكی نیوەڕۆ و لەگەڵ ڕۆژێك پشوو لە هەفتە بۆ فەرمانبەران دیاری كرابوو.







وشە - رامیار جەواد