مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پێست لە دەربەندیخان هەیە

:: PM:01:58:20/08/2019 ‌

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان بڕیاری قەدەغەكردنی گوێزانی لە سەرتاشخانەكان راگەیاند، ئەوەش بەهۆی مەترسی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی گوێزانەوە دەگوازرێنەوە بەتایبەت نەخۆشی پێست.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی ئاب، زەردەشت عوسمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان بە "وشە"ی راگەیاند، وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دەربەندیخان بە شێوەیەكی فەرمی تەواوی سەرتاشخانەكانی شارۆكەی دەربەندیخانمان ئاگادار كردۆتەوە كە بەكارهێنانی گوێزان لە سەرتاشخانەكان قەدەغەیە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە لەدوێنێوە دەستمان كردووە بە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، هەرسەرتاشخانەیەکیش سەرپێچی بكات دووكانەكەی دادەخرێت.

"لیژنەكانی قایمقامیەتی شارۆكەی دەربەندیخان هەڵمەتی ناوبەناو ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداربن تاچەند ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێت"زەردەشت عوسمان وای گوت.

ئەگەرچی بڵابونەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكانی وەك جگەر و پێست و نەخۆشی تر بەشێوەی بەر بڵاو باسی لێوەدەكرێن ونمونەش هەیە، بەڵام ئەوبەرپرسە ئاماژەی بەهیچ ئامارێك نەدا و دەڵی، ئەو بڕیارە بۆ بەرگرتنە لە نەخۆشییەكان.

هێرش محەمەد وەك هاووڵاتییەكی نیشتەجێی شارۆكەی دەربەندیخان، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، كەسانی زۆر تووشی نەخۆشی پێست هاتوون، بۆیە ئەو بڕیارە دەركراوە.

ئەو وەك شایەتحالێك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كەسانێك دەناسێ كە بەهۆی سورهەڵگەڕان و داخورانی بەردەوامی پێستیانەوە لە ماڵ دەرناچن و چارەسەر وەردەگرن.

شارۆکەی دەربەندیخان سەر بە پارێزگەی سلێمانییە و دەکەوێتە سنووری نێوان ئیدارەی گەرمیان و سلێمانی و لەناو ئەو شارەدا نزیكەی 50 سەرتاشخانە هەیە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان