مادەی هۆشبەر هەڕەشە لە مووسڵ دەكات.. بازگەكان كار ئاسانی دەكەن

:: PM:06:19:20/08/2019 ‌
نوێنەری پارێزگای مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، مادەی هۆشبەر بەشێوەیەكی بەرچاو و مەترسیدار لە مووسڵ بڵاو بووەتەوە و گەنجان بەكاری دەهێنن، تا ئێستەیش نزیكەی 80 كەس بەهۆی بەكارهێنانی گیراون.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی ئاب، شێروان دووبەردانی نوێنەری پارێزگای مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" گوتی، لە مووسڵ بەشێوەیەكی مەترسیدار مادەی هۆشبەر بڵاوبووەتەوە و كاری بازرگانی پێدەكرێت و لە ڕێی مووسڵەوە دەبردرێت بۆ سووریا.

زیاتر گوتی، ئەوانەی ئەو مادەیە بەكار دێنن گەنجن و شوفێری تاكسی و هەندێك لە دەرمانخانەكانن و گەنجێكی زۆر تووش بوونە و هێنانی ئەو مادەیەش لە بازگەكانی حەشدی شەعبی و هێزی عێراقی ئاسانكاریان بۆ دەكەن.

دووبەردانی ئاماژەی بەوە كرد، تا ئێستە لە مووسڵ 77 كەس بەهۆی بەكارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر گیراون كە 39 كەس لای چەپی مووسڵ و 30 كەسیش لای راستی مووسڵ و چوار كەسیش لە گەیارە و چوار كەسیش لە مەخموور بوون.

دووپاتی لەوەیش كردەوە كە بەهۆی بەكارهێنانی ئەو مادەیە لەلای راستی شاری مووسڵ چەندان كێشەی كۆمەڵایەتی دروست بوون.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم