ئێوارەی ئەمڕۆ كۆگەیەكی چەكی سەر بە گرووپێكی حەشدی شەعبی لە بنكەی سەربازی بەلەد لە باشووری پارێزگای سەڵاحەدین تەقییەوە و تا ئێستە هۆكاری تەقینەوەكە نەزانراوە و باس لە هاوەنبارانكردن یان بۆردمانكردنی بە فڕۆكەی جەنگی دەكرێت.
بەپێی زانیاری
میدیاكانی عێراقی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم كۆگەیەكی
چەكی گرووپی "كەتیبەكانی جوندولئیمام"ی و هەندێكیان باس لە "كەتیبەكانی ئیمام عەلی" دەكەن، كە سەر بە حەشدی شەعبین لە نزیك بنكەی ئاسمانی بەلەد لە لە باشووری پارێزگای سەڵاحەدین كرایە ئامانج و بەوهۆیەوە ئاگر لە جبەخانەكانی ناو سەربازگەكە كەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان تا ئێستە سروشتی بۆردمانەكە بەتەواوەتی نەزانراوە و تەنیا چەند وێنەیەكی ئاگركەوتنەوە و ناوچەكە بڵاوكراوەتەوە كە دووكەڵی رەش ئاسمانی شارۆكەی بەلەدی داگرتووە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری میلی ئاماژەی كرد كە كۆگەیەكی چەكی سەر بە گرووپێكی حەشدی شەعبی لە نزیك بنكەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین تەقیوەتەوە و لە بەیاننامەیەكدا روونی كردووەتەوە كە تیمەكانیان خەریكی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەن.