شارەزایەك: ئەگەر هەیە تەقینەوەكان ململانێی ناوخۆی حەشدی شەعبی بێت

:: PM:08:19:20/08/2019 ‌

شارەزایەكی سەربازی عێراقی دووپاتی دەكاتەوە كە جیا لە بۆردمانی ئاسمانی و مووشەكی، ئەگەری ململانێی ناوخۆی پارتە سیاسی و گرووپەكانی حەشدی شەعبی هەیە بۆ هێرش و تەقینەوەی سەربازگە و كۆگەكانی چەكی حەشدی شەعبی.

رەبیع جواری شارەزای سەربازی عێراقی بە "وشە"ی راگەیاند، ناكۆكی نێوان حزبە سیاسییەكانی لە دەسەڵاتن بەردەوامە، هاوكات هەر گرووپێكی ناو حەشدی شەعبی سەر بە حزبێكی دیاریكراوە، بەپێچەوانەی سوپا، بۆیە هەر ناكۆییەك لە نێوان ئەوانە بۆ دەستگرتن بە دەسەڵات ئەوان دەست بەپاكتاوكردنی یەكتر دەكەن، گرووپێكی سەر بە پارتێك گرووپێكی تری پارتەكەی ركابەر بكاتە ئامانج.

زیاتر گوتی، تا ئەو ململانێیە بەردەوام بێت ئەو جۆرە كێشانە بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی ئەو پارتانە فەرمانڕەوایی عێراق دەكەن و خاوەنی گرووپی چەكداری خۆیانن و چارەسەریش هێشتنەوەی چەكە تەنیا بەدەستی دەوڵەت و دووبارە رێكخستنەوەی حەشدی شەعبییە.

لە ماوەی رابردوو تا ئێستە پێنج هێرش كراوەتە سەر سەربازگە و كۆگەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق لە هەریەكە لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە و بەغدا و دەشتی نەینەوا و ئەمڕۆش لە بنكەی ئاسمانی بەلەد لە باشووری سەڵاحەدین، هۆكاری ئەو هێرشانە لەلایەن حكوومەتی عێراق و خودی حەشدی شەعبی راناگەیەنرێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئیسرائیل لەپشتەوەی ئەم هێرشانەوە بێت بە هاوشێوەی ئەوەی لە سووریا لەدژی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران ئەنجامیان دەدات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل