بەهۆكاری سیاسی و تەناهی عێراق دان بە بۆردمانەكانی ئاسمانی دانانێت

:: PM:08:43:20/08/2019 ‌

دوای ئەوەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە وڵاتەكەی لەپشتەوەی هێرشە ئاسمانییەكانە بۆ سەر چەند ئامانجێك لە عێراق، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە حكوومەتی عێراق لە ترسی چەند كێشەیەكی سیاسی و تەناهی دان بەو هێرشانە دانانێت. 

ئێوارەی دوێنێ چەند میدیایەكی ئیسرائیلی لێدوانی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیان لە كییڤی پایەتەختی ئۆكراینا گواستەوە كە تیایدا ئاماژەی بۆ وەستانی وڵاتەكەی لەپشت چەند هێرشێك لەناو خاكی عێراق كرد، دووپاتی كردەوە كە ئیسرائیل لەهەر شوێنێك پێویست بكات كارەكە ئەنجام دەدات و كۆتایی نایەت، بۆیە ئێران لە هەر شوێنێك بێت پارێزبەندی نییە و دژی ئەو وڵاتە دەوەستینەوە كە باسی لەناوبردنمان دەكات.  

عەلی غانمی پەرلەمانتاری عێراق لەوبارەوە دەڵێت، هۆكاری ئەوەی حكوومەتی عێراق دان بەوەدا نانێت كە سەربازگەی سەقڕ لە باشووری بەغدا دووچاری هێرشی ئاسمانی بووەتەوە، سەرەڕای بڕیارەكەی دوایی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لەبارەی ئاسمانی عێراق كە بەڵگەیە لەسەر بوونی هێرشی ئاسمانی، هۆكاری دان نەنانی حكوومەتی عێراق بەو هێرشە لەترسی كێشەی سیاسی و تەناهییە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، عێراق خاوەن سەروەرییە و توانای تەناهی و سەربازی هەیە، بۆیە سەختە دان بەوەدا بنێت كە فڕۆكەی جەنگی نەناسراو بە ئاسمانەكەی دەسووڕێنەوە و بێ سڵكردنەوە بە مووشەك بۆردمانی ئامانجەكانیان دەكەن.

غانمی ئاماژەی كرد، بێدەنگبوون لەو كارانە عادل عەبدولمەهدی دەخاتە هەڵوێستێكی نەخوازراوەوە، چونكە ئەو بەرپرسی یەكەمە لە پاراستنی سەروەری عێراق و بەرگریكردن لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی دەرەكی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل