نیویۆرك تایمز: داعش خاوەنی 18 هەزار چەكدارە لە سووریا و عێراق

:: PM:09:35:20/08/2019 ‌

رۆژنامەیەكی ئەمەریكایی ئاشكرای دەكات كە سامانی رێكخراوی داعش دەگاتە 400 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی كە لە سووریا و عێراق شاردراوەتەوە یان بۆ وڵاتانی تر لە ناوچەكە بردراوە و ئەو لە رێگەی 18 هەزار ئەندامییەوە هەوڵی گەڕانەوە دەدات.  

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكایی ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند، دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر شكستی رێكخراوی داعش لە باغووز دوا ناوچەی كۆنترۆڵی كردبوو لە سووریا، ئێستە هەوڵی گەڕانەوە و سەپاندنی دەسەڵاتەكانی دەدات.

زیاتر گوتی، رێكخراوەكە خەریكی سازكردنی تۆڕی داراییەكەی و ئەنجامدانی هێرشەی تیرۆریستییە لە رێگەی شانەی نوستووەكانی لە سووریا و عێراق بە سوودوەرگرتن لە سامانەكانی كە دەگاتە 400 ملیۆن دۆلار، وەك بەرپرسانی عێراقی و ئەمەریكی باسی دەكەن.

رۆژنامەكە ئاماژەی كرد كە داعش 18 هەزار چەكداری خۆی لە عێراق و سووریا ئامادە كردووە و شانە نوستووەكان و تیمە گەڕۆكەكانی هێرش ئەنجام دەدەن لە رێگەی دانانەوەی بۆسە و رفاندن و كوشتن و تەقەكردن لە هێزە تەناهییەكانەوە. 

ئەمڕۆ سێشەم مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنیدا دانی بەوە دانا كە رێكخراوی داعش لە هەندێك ناوچە خەریكە بەهێز دەبێتەوە، ئاماژەی كرد، دۆخەكە ئاڵۆزە، چەند ناوچەیەك هەیە كە داعش تیایاندا بەهێزترە بە بەراورد بە پێش سێ یان چوار ساڵ.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل