شارەزایەك: عێراق پلانی هەیە شنگال بۆ ماوەیەكی درێژ سەقامگیر نەبێت

:: PM:10:18:20/08/2019 ‌

شارەزایەكی شنگالی دووپاتی دەكاتەوە كە حكوومەتی عێراق چاوپۆشی لە رووداوەكانی شنگال دەكات و پلانی هەیە ئەو دەڤەرە بۆ ماوەیەكی درێژ سەقامگیر نەبێت، ئاماژە بۆ دەستوەردانی دەرەكیش لە شنگال دەكات بەهۆی گرنگی جوگرافیا و ستراتیجیەتەكەیەوە. 

خدر دوملی شارەزا لە بواری ئاشتی و ململانێكان لە زانكۆی دهۆك  بۆ "وشە" روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق چاوپۆشی لە رووداوەكانی شنگال دەكات و هەوڵ دەدات پێشانی بدات و بە خەڵك دەڵێت ناوچەكە ئارامە و سەقامگیرە و بگەڕێنەوە، كەچی لەسەر ئەرزی واقیع ئەو هۆكارانەی بۆ سەقامگیری پێویستە بوونیان نییە، بۆ نموونە زۆرینەی ناوچەكانی باشووری شنگال تەقەمەنی تیادایە و چالاكی داعش بوونی هەیە و چەند جارێك كێشەی چەكداری لەوێ دروست بوو، بەڵام ئەو دەیشاردەوە.

زیاتر گوتی، هەروەها دەستی دەرەكی لە شنگال بوونی هەیە لە توركیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی و هەموویان هەوڵ دەدەن بە شێوەیەك لە شێوەكان هەوڵی دەستوەردان دەدەن، چونكە جوگرافیا و ستراتیجیەتی شنگال تەنیا بۆ ئێزیدییەكان گرنگ نییە، بۆیە ئەگەر وەك ئێستە بەدابڕاوی بەدەستی گرووپە شعەكان بمێنێتەوە كەواتە نەخشەی سیاسی لەسەر ئەرز دابەش دەكرێت و پارچەپارچە دەبێت.

دوملی ئاشكرای دەكات كە حكوومەتی عێراق لای گرنگ نییە شنگال سەقامگیر بێت یان نا، بۆیە لە سەرانسەری عێراق زیاترین ژمارەی ئاوارەكان كە تا ئێستە نەگڕاونەتەوە شنگالییەكانن كە لە نێوان 250 تا 280 هەزار كەس نەگەڕاوەتەوە، بۆیە پێم وایە حكوومەتی عێراق پلانی هەیە كە ئەو دەڤەرە بۆ ماوەیەكی درێژ سەقامگیر نەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل