دوای ئەوەی هەواڵەكانی باسی ئەوەیان كرد كە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق بەنیازی دەركردنی یاسایەكن لە پەرلەمان بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمی سەربازیكردنی بەزۆر لە عێراق، پەرلەمانتارێكی كورد رای گەیاند كە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم بەشار كیكی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای خزمەتی سەربازی بەزۆر جێبەجێ ناكات ئەگەر لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕ بكرێت.
كیكی لە پڕۆگرامێكی كەناڵی "دجلە" گوتی، ئەگەر مەبەست لە یاسایەكە دابینكردنی هەلی كار بێت، سوودی نابێت و وا باشترە هەلی كاری راستەقینەی مەدەنی دابین بكرێت، زیاتر گوتی، بەسەربازیكردنی كۆمەڵگە لەگەڵ دۆخەكەدا ناگونجێت، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە زۆرەی سەرباز و هێزە تەناهییەكانەوە، روونی كردەوە، یەكخستنی گەلی عێراق لە رێگەی سەربازیكردنی بەزۆر نابێت.
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێم ئەگەر یاساكە لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت دووپاتی كردەوە، هەولێر یاساكە جێبەجێ ناكات ئەگەر پەسندیش بكرێت لە پەرلەمانی عێراق، چونكە بەپێی دەستوور هەرێم هێزی تەناهی خۆی هەیە و خزمەتی سەربازی بەزۆر نایگرێتەوە و گەنجانی هەرێم بە مەدەنیانە بیر دەكەنەوە نەوەك بە سەربازیانە.
ئەمڕۆ كەریم علێوی پەرلەمانتاری شیعە ئاماژەی كرد كە ئەگەر یاسای سەربازیكردنی بەزۆر لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت كە كورد پێی ناڕازین، لەسەر هەمووان جێبەجێ دەبێت لەوانەش بەسەر كورد.