وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر

:: PM:11:31:20/08/2019 ‌

دوای سەردانیكردنی بۆ عێراق بەمەبەستی بەسەركردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا، ئێوارەی ئەمڕۆ ئانگرێت كرامپ وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر.

ئەمە و لەلایەن سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا و چاوەڕوان دەكرێت وەزیری بەرگری ئەڵمانیا جیا لە كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی وڵاتەكەی لە چوارچێوەی ئەركی مەشق و راهێنان و پاڵپشتی لۆجیستی بۆ هێزی پێشمەرگە بەسەر بكاتەوە.

شایەنی باسە ئەمڕۆ سێشەم ئانگرێت كرامپ، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی سەربازی عێراق كۆبووەوە و بەردەوامبوونی وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردنی عێراق بۆ نەهێشتنی تیرۆر دووپات كردەوە.

ئەڵمانیا  450 سەرباز و راوێژكاری لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ئوردن هەیە و لە 31 تشرینی یەكەم ماوەی یاسای بەشداربوونی ئەوان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە داعش تەواو دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل