عێراق.. وەرزی داهاتووی یاسادانان پلە تایبەتەكان یەكلا دەكرێنەوە

:: PM:11:38:20/08/2019 ‌
 
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت كە پرسی پۆستەكانی خوار وەزیر پێویستی بە ڕێككەوتن هەیە لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان و دووپاتی دەكاتەوە كە دوای پشووی پەرلەمان ئەو پرسە یەكلا دەكرێتەوە و كورد 400 پۆستی دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم مەیادە محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەر لایەنێك كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستەكانی خوار وەزیر ئامادە دەكات و ئەو پرسەش پێویستی بە ڕێككەوتن هەیە لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان بۆ دابەشكردنی ئەو پۆستانە.

زیاتر گوتی، ئێستە بەشێك لە بریكاری وەزیرەكان یەكلا بوونەتەوە و پشكی كورد لە پۆستەكانی خوار وەزیر نزیكەی 400 پۆست دەبێت و بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دابەش دەكرێن بەسەر لایەنە كوردییەكان و هەر لایەنێكیش كاندیدی خۆی بۆ پۆستەكان ئامادە دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، لە دوای پشووی پەرلەمان و دەستپێكردنی وەرزێكی نوێی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەو پرسە دێتەوە ناو پەرلەمان و هەوڵ دەدرێت زوو ئەو پۆستانە پڕ بكرێنەوە، چونكە بۆ كورد زۆر گرنگە ئەو پۆستانە لە بەغدا پڕ بكاتەوە.

لە وەرزی رابردووی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق پرۆسەی پڕكردنەوەی پۆستەكانی خوار وەزیر بۆ ماوەی دوو مانگ درێژ كرایەوە و دوای پشووی پەرلەمانیش بڕیارە ئەو پۆستانە پڕ بكرێنەوە و لایەنەكان كاندیدەكانیان پێشكەیش بكەن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل