توركیا به‌شێك له‌ سوپاكه‌ى له‌ سووریا ده‌كێشێته‌وه‌

:: PM:12:37:21/08/2019 ‌
ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى ده‌ڵێ گرژییه‌كانى نێوان رووسیا و توركیا له‌سه‌ر ئیدلب توند بووه‌، بۆیه‌ چاودێرانى سیاسى پێشبینى ده‌كه‌ن توركیا هێزه‌كانى له‌م شاره‌ بكێشێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ به‌رانبه‌ر پێشكه‌وتنى هێزه‌كانى ئه‌سه‌د كه‌ له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ پاڵپشتى ده‌كرێت، توركیا هیچ چاره‌یه‌كى ترى نییه‌.

دواى ئه‌وه‌ى كاروانێكى هێزه‌كانى توركیا له‌ نزیك شارۆكى خان شیخون رۆژى دووشه‌مى رابردوو له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌سه‌د بۆردمان كرا، گرژییه‌كى زۆر كه‌وتووه‌ته‌ نێوان توركیا و رووسیا.

 چونكه‌ به‌رپرسانى توركیا ده‌ڵێن رووسیا له‌ ره‌وانه‌كردنى ئه‌و كاروانه‌ سه‌ربازییه‌ى توركیا ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ و كاروانه‌كه‌یش به‌ره‌و بنكه‌یه‌كى چاودێرى سه‌ربازى توركیا رۆیشتووه‌ له‌ ئیدلب، كه‌ ئه‌وه‌یشیان به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنێكى نێوان توركیا و رووسیا دانراوه‌.

 ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 21ى ئاب بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، گرژییه‌كانى نێوان توركیا و رووسیا له‌ زیادبووندایه‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا راى گه‌یاندووه‌، دانوستاندن به‌رده‌وامه‌ بۆ نزمكردنه‌وه‌ى ئاستى گرژییه‌كانیان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ.

 چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن مۆسكۆ یه‌كه‌مجار ددان به‌وه‌ بنێ كه‌ هێزی له‌ ئیدلب هه‌یه‌ و ڤلادێمیر پوتینى سه‌رۆكى رووسیایش گوتوویه‌تى ئه‌وان له‌ لێدانى هێزه‌ توندڕه‌وه‌كانى ئیدلب به‌رده‌وام ده‌بن و پاڵپشتى هێزه‌كانى ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن.

 بۆیه‌ چاودێرانى سیاسى دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌، هێزه‌كانى سووریا به‌ره‌وپێش ده‌چن و له‌لایه‌ن رووسیایشه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێن، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات توركیا هیچ چاره‌یه‌كى ترى نه‌بێت ته‌نیا كشانه‌وه‌ى خاڵه‌كانى چاودێرى سه‌ربازیی نه‌بێت له‌ ئیدلب. 

به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنێك كه‌ له‌ نێوان ئێران و رووسیا و توركیا كراوه‌، پێشتر 12 خاڵى سه‌ربازى توركیا له‌ ئیدلب هه‌ن.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل