كاتی راگەیاندنی ئەنجامی پشکنینی ڕووفاتی ئەنفالكراوانی سەماوە ڕاگەیەنرا

:: PM:02:04:21/08/2019 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی شەهید و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، دوو مانگ پێویستە بۆ ئەنجامی پشكنینی كۆتایی بۆ سەرجەم قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەماوە تا ڕابگەیەنرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی ئاب، فوئاد عوسمان گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەرجەم تەرمەكان بۆ پزیشكی دادوەری گواستراونەتەوە و پشكنینی كۆتایی دەكرێت بۆ ناسینەوەیان.

گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان گوتی، دوو مانگی تر ئەنجامی كۆتایی پشكنینەكان ڕادەگەیەنرێت، بۆیە ئێستە ناتوانرێ بە تەواوەتی بزانرێت ژمارەی قوربانییەكان چەندە لەو گۆڕە بە كۆمەڵە.

لەبارەی دووگیانبوونی چەند ژنێك لەو گۆڕە بە كۆمەڵە كە ژێرخاك كراون، باسی لەوە كرد لە ئەنجامی پشكنینەكان ئەوە دەردەكەوێت بۆیە تا ئێستەش بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە ژمارەی قوربانییەكان چەندن.

ڕۆژی 22ـی تەمووز گۆڕێكی بەكۆمەڵی سەماوە هەڵدرایەوە كە سەرجەمیان ژن و منداڵی كورد بوون.

رژێمی بەعس لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە چەند قۆناغێك پرۆسەی ئەنفالی لە دژی كورد ئەنجام داوە، تیایدا 182 هەزار كوردی لە زێدی خۆیان دوور خستەوە و لە باشووری عێراق ئەوانی كوشت و خستنیە گۆڕی بە كۆمەڵەوە، وێڕای دۆزینەوەی گۆڕێكی زۆر مەزندە دەكرێ ژمارەیەكی زۆر گۆڕی بەكۆمەڵ مابێ. 



وشە - رامیار جەواد