گیراوه‌ی خه‌ڵووز و خوێ و لیمۆ ورگت داده‌به‌زێنێ

:: PM:02:46:21/08/2019 ‌

زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ده‌ست قه‌ڵه‌ویی یان ورگنییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندان ده‌رمان و ماده‌ی كیمیایی به‌كار ده‌هێنن، به‌ڵام پسپۆڕان به‌مدواییه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ گیراوه‌ی لیمۆ، خه‌ڵووز و خوێ باشترین ڕێیه‌ بۆ دابه‌زینی ورگ.

ماڵپه‌ڕی لبنان24 له‌باره‌ی چۆنێتی ئاماده‌كردن و سووده‌ گرنگه‌كانی گیراوه‌ی خه‌ڵووزی هاڕاو و خوێی هیمالایا چه‌ند زانیارییه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ن:

بۆ ئه‌وه‌ی خۆت له‌ به‌كارهێنانی ماده‌ی كیمیایی و ده‌رمانی زیانبه‌خش بۆ دابه‌زینی ورگ به‌دوور بگریت، باشتر وایه‌ فێری خواردنه‌وه‌ی گیراوه‌ی خوێی هیمالایا و خه‌ڵووزی هاڕاو و لیمۆ بن و به‌ ئاسانترین و زووترین كات ورگتان دابه‌زێنن.

ئه‌م خواردنه‌وه‌یه‌ یان گیراوه‌یه‌ به‌ ترشاوی ڕه‌ش ناسراوه‌، پێكهاته‌كانی بریتین له‌ خه‌ڵووزی ڕووه‌كیی ڕه‌شی هاڕاو، لیمۆ، خوێی ده‌نك گه‌وره‌ كه‌ به‌ خوێی هیمالایه‌ ناسراوه‌.

بۆ ئاماده‌كردنی ده‌بێت دوو كووپ ئاوی لیمۆ و چاره‌كه‌ كووپێك شیله‌ی داری قیقه‌ب و كه‌وچكێكی زه‌ڵاته‌ هاڕاوه‌ی خه‌ڵووزی ڕه‌ش و تۆزێك خوێی هیمالایا له‌گه‌ڵ دوو كووپ ئاوی پاڵێوراو تێكه‌ڵ بكه‌یت.

هه‌موو ئه‌م پێكهاتانه‌ تێكه‌ڵ بكه‌ تا ده‌بێت به‌ گیراوه‌یه‌كی ڕه‌ش، له‌ناو به‌فرگردا هه‌ڵده‌گیرێت تا وه‌ك شه‌ربه‌ت سارد ده‌بێت و دواتر ده‌یخۆیته‌وه‌.

ئه‌م گیراوه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی توانه‌وه‌ی چه‌وری و لاوازكردنی جه‌سته‌، ده‌بێت به‌یانیان پێش نانی به‌یانی كووپێكی لێ بخۆیته‌وه‌ و ورده‌ ورده‌ هه‌ست به‌ سووده‌ گرنگه‌كانی ده‌كه‌یت، باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی چاره‌سه‌ریی ده‌یان نه‌خۆشیی وه‌ك ئازاری گورچیله‌ و گه‌روو.




وشە - ڕێناس شابان