شەڕی لابردنی پارێزبەندی دەكەوێتە ناو پەرلەمانی عێراق

:: PM:05:45:21/08/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات كە داوایەكی دادگا هەیە بە لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر 38 پەرلەمانتار بۆ رۆژانی داهاتوو بەهۆی بوونی تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەدژی ئەوانەوە، ئاماژەی كرد كە سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوەكانی لایە و دەیانشارێتەوە. 

نەدا شاكر جەودەت پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی نەسڕ رای گەیاند، ئەو زانیاریانەی تا ئێستە هەن ئاماژە بۆ زیادبوونی ژمارەی پەرلەمانتارانی داواكراو لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی جیاجیا بۆ 38 پەرلەمانتار دەكەن، روونی كردەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لابردنی پارێزبەندی ئەوانی كردووە، بەڵام هەموو ئەندامانی پەرلەمان وردەكاری پرسەكە نازانن، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوەكان راناگەیەنێت و دەیانشارێتەوە.

جەودەت ئاماژەی كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمان ناتوانێت لەو دۆسیەدا موجامەلە بكات و لابردنی پارێزبەندی بە بژاردن بكات، چونكە ئەوە داواكاری جەماوەرییە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی. 

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە لیژنەكەیان و هەموو پەرلەمانتارانی عێراق پاڵپشتی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن بۆ لابردنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك ئەندامانی پەرلەمان كە ناویان لە لیستی رەوانەكراو لەلایەن داواكاری گشتی هاتووە و تۆمەتبارن بە دۆسیەی گەندەڵی و تاوانكاری.

حوسێن عقابی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە هەموو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە رووی یاساییەوە پابەندن بە هاوكاریكردن لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ جێبەجێكردنی یاسا لە بەرانبەر هەر پێشێلكارێك لە حكوومەت یان لە دەرەوەی، بۆیە پرۆسەی لابردنی پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارانە لەلایەن پەرلەمانەوە لە سەرەتای سێیەم وەرزی یاسادانانەوە دەست پێ دەكات. 

زیاتر گوتی، لیژنەی یاسایی پاڵپشتی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات لە لابردنی پارێزبەندی ئەندامەكانی كە ناویان لە لیستی داواكاری گشتیدا هاتووە بە تۆمەتی گەندەڵی و تاوانكاری، روونی كردەوە ناوەكان تەنیا گەیشتووەتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و نەگەیشتووەتە ئەندامەكانی پەرلەمان بۆ ئاگەداربوون لێیانەوە.

پێشتر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە پەرلەمانی عێراق كردبوو بە لابردنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتار كە بە دۆسیەی گەندەڵی لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركی جێبەجێكاری پێشتر و ژمارەیەكی تری تۆمەتبار بە تاوانكاری تۆمەتبارن.

دوێنێ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری سوننە تەڵاڵ زەوبەعی لادا بە تۆمەتی تێوەگلانی لە گەندەڵی، حەلبووسی لە نووسراوێكی فەرمی بۆ دادوەری لە عێراق نووسیبووی كە پارێزبەندی سەر ئەو پەرلەمانتارە بەهۆی زۆری سكالاكانی سەری بە تۆمەتی تێوەگڵان لە گەندەڵی لە كاتی بوونی وەك سەرۆكی لیژنەی نەزاهە لە خولی پێشووی پەرلەمان بووە.

بەپێی بەڵگەنامەكە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كرد كە هەموو رێوشوێنی پێویست لە بەرانبەر زەوبەعی وەربگرن و سكاڵاكاران بۆ دادگا بانگ بكەن بۆ شایەتی و لێدواندان لەوبارەوە.

بەپێی هەواڵە دزەپێكراوەكان لە پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستی كردووە بە لابردنی پارێزبەندی ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق لەسەر داوای ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق بە مەبەستی دادگاییكردنیان بە تۆمەتی گەندەڵی و تاوانكاری و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بڕیاری داوە بە لابردنی پارێزبەندی ژمارەیەك پەرلەمانتار لەوانە (نەهلە راوی و لەیال بەیاتی و ئەحمەد جبووری و تەڵاڵ زەوبەعی و یەحیا محەمەدی و فالح عیساوی و ئیپتسام دەرب).

بەپێی یاسا لابردنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران مانای كۆتاهاتنی ئەندامیەتیان نییە وەك لە خولی پێشوو لە بەرانبەر سەلیم جبووری هاتە ئەنجامدان و دوای دەركەوتنی بێتاوانی گەڕایەوە ناو پەرلەمان، بەڵكو یەكەم هەنگاوە بۆ دادگاییكردنی كە بەهۆی ئەو پارێزبەندییەی ئێستەیان لە پەرلەمان ناتوانرێت لە رووی یاساییەوە داگایی بكرێن. ئەوەش یەكەم بڕیاری لەو جۆرەیە لە خولی چوارەمی یاسادانانی عێراق.

لەوكاتەی تارق حەرب شارەزای یاسایی و دەستووری عێراق دان بە یاسایی لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران لەكاتی پشووی یاسادانان دەنێت ئەگەر لەسەر داوای دادگا بێت و داواكە لە كاتی پشوودا پێشكەش كرابێت، بۆیە مادەی 63 لە دەستووری عێراق رێگە بە سەرۆكی پەرلەمان دەدات بۆ لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتار بێ گەڕانەوە بۆ دەنگدانی ناو پەرلەمان بەو مەرجەی داوای دادگا و لابردنەكە لە ماوەی پشووی یاسادانان بووبێت، ژمارەیەك پەرلەمانتار وریایی دەدەن لە سوودوەرگرتن لەو پرسە بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی ناو هێزە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان. 

لەلایەكی تر ئەوەی دوێنێ رووی دا كە حەلبووسی پارێزبەندی سەر زەوبەعی لادا لە رووێكی پێشانی دەدات كە ئەگەر پێشتر بەشبەشێنە پەردەپۆشی گەندەڵی بەرپرسانی كردووە، بەڵام خەریكە ئەو پەردەپۆشییە لادەچێت و پاكتاوی سیاسی و ركابەری كەسی شوێنی دەگرێتەوە، لە ناو ماڵی شیعە زۆرجار ناكۆكییەكان بە نهێنی و شاراوەیی یەكلا دەكرێنەوە، بەڵام لەناو سوننە بە ئاشكرا و بەوەش گورزێكی تر لەلایەن سیاسەتوانانی بە پێكهاتەكە دەكەوێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل