حەشدی شەعبی: ئەمەریكا بەرپرسە لەوەی روودەدات و بەرگری لەخۆمان دەكەین

:: PM:06:09:21/08/2019 ‌

دوای چەندبارەبوونەوەی هێرشەكانی سەر بارەگا و سەربازگە و كۆگەكانی چەكی حەشدی شەعبی لە ماوەی رابردوودا، دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی كردەوە كە هەر فڕۆكەیەكی بیانی بێ زانیاری حكوومەتی عێراق بەسەر بارەگاكانیانەوە بفڕێت بە دوژمنی دەزانن و رووبەڕووی دەبنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، دوژمنانی عێراق دووبارە پلان بۆ كردنەئامانجی هێزەكانی حەشدی شەعبی دادەنێنەوە و ئەمەریكا بیر لە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و كردنە ئامانجی حەشدی شەعبی دەكاتەوە لە دوای سەركەوتنەكانی و فرمانی یەكخستنی لەگەڵ سوپای عێراق و هەڵوەشانەوەی هەموو فڕینێكی فڕۆكە بێ رەزامەندی حكوومەتی عێراق. 

زیاتر گوتی، پێشتر ئەوان لە رێكی كردنەئامانجی كەسایەتییەكانی حەشد كاریان دەكرد و ئەوانیان دەخستە ناو لیستی تیرۆرەوە و ئێستەش لە رێگەی كردنەئامانجی بارەگاكانی حەشد لە ناوچە جیاوازەكان و لە رێگەی بەكرێگیراو و بۆردمانی ئاسمانییەوە. 

موهەندیس دووپاتی كردەوە، زانیاری وردمان هەیە بەوەی ئەمەریكا چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلیان هێناوەتە عێراق و ئەوانن بارەگاكانی حەشد دەكەنە ئامانج، زانیاری تریشمان هەیە بەوەی فڕۆكەكانی ئەمەریكا رووماڵ و چاودێری بارەگاكان و كۆگەكانی چەكی حەشدیان كردووە، بۆیە ئەوەی روودەدات بەهۆی باڵادەستیی ئەمەریكایە بەسەر ئاسمانی عێراق.

ئەو سەركردەیەی حەشد روونی كردەوە كە پڕۆژەی داهاتوویان پاكتاوكردنی جەستەیی كەسایەتی و سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەبێت، بۆیە بەرپرسی سەرەكی ئەوەی روودەدات هێزەكانی ئەمەریكایە و لەمڕۆوە ئەوان بە بەرپرس لەوەی روودەدات دەزانین و هیچ بژارەیەكی ترمان نییە جگە لە بەرگریكردن لەخۆمان و بارەگاكانمان بەو چەكانەی هەمانە، بۆیە هەر فڕۆكەیەكی بیانی بێ زانیاری حكوومەت بەسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی بفڕێت، بە دوژمنی دەزانین و رووبەڕووی دەبینەوە و هەموو شێوازێكی تریش دەگرینە بەر بۆ رێگرتن لەو هێرشانە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل