د محەمەد شاكر: 30 پەرلەمانتاری عێراق بە هۆكاری جیاجیا داوایان لەسەرە

:: PM:07:24:21/08/2019 ‌

ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لابردنی پارێزبەندی لەسەر كردوون لە 30 ئەندام نزیك دەبێتەوە و تا ئێستە ناوەكان لای سەرۆكایەتی پەرلەمانە و دیار نییە كە كوردیان تیادایە.

پێشتر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە پەرلەمانی عێراق كردبوو بە لابردنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتار كە بە دۆسیەی گەندەڵی لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركی جێبەجێكاری پێشتر و ژمارەیەكی تری تۆمەتبار بە تاوانكاری تۆمەتبارن.

د محەمەد شاكر ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، لەبارەی ئەوەی دوێنێی لابردنی پارێزبەندی لەسەر تەڵاڵ زەوبەعی پەرلەمانتار لەلایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان لە كاتی پشووی یاسادانانەوە، سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی ئەو كارەی هەیە.

روونی كردەوە كە پرسی پارێزبەندی پەرلەمان لەوانەیە بەهەڵە لێكدرابێتەوە، ئەو پارێزبەندییە بەگشتی نییە بۆ هەموو شتێك، بەڵكو لە دەستووری عێراق باس كراوە كە تەنیا لەو قسانەیە كە لەبارەی كەسێك یان پرسێكی سیاسی دەیكات بەو پێیەی نوێنەری گەلە، بەڵام لە پرسەكانی پێوەست بە گەندەڵی و تاوانكاری پارێزراو نییە.

شاكر روونی كردەوە، سەرۆكی پەرلەمان لەكاتی پشووی یاسادانان كە دەسەڵاتەكان بەو دەدرێت دەتوانێت پارێزبەندی لابدات، زۆر ئاساییە پەرلەمانتار پارێزبەندی لەسەر لادەبرێت كە تا ئێستە ناوەكان لەناو پەرلەمان نەخراونەتە روو و وەك پەرلەمانتار ئاگەدار نین، چونكە لەكاتی پشوو بووە، بۆیە ئەوانە دەچنە بەردەم دادگا و یاسا و رێوشوێنەكان جێبەجێ دەكرێن و دادگا چارەنووسیان دیاری دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە ژمارە و ناوەكان بەتەواوەتی دیار نین، بەڵام وەك زانیارییەكان باس دەكەن تەڵاڵ زەوبەعی و فالح عیساوی و سێ پەرلەمانتاری تریش كراوە، بە گشتی 30 پەرلەمانتاری عێراق بە هۆكاری جیاجیا داوای لەسەرە و تا ئێستە پارێزبەندی لەسەر چوار یان پێنجیان لابراوە، ناشزانین ئەندامی كوردی تیادایە یان نا، چونكە ناوەكان لای دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە.

ئاشكرای كرد كە جار هەیە داوا لەسەر پەرلەمانتارێك دەكرێت كە مەرج نییە تاوانبار بێت، بەڵام لەناو كۆمەڵگا وا ناوی دێت وەك ناوزڕاندن و لەكەداركردنی، بۆیە رەنگە سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیەوێت تا نەگاتە ئاستی لابردنی پارێزبەندی ناوەكان هەمووی ئاشكرا بكات.  
  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل