ناسڕ هەركی: زۆر زەحمەتە سەربازی بەزۆر لە عێراق جێبەجێ بكرێت

:: PM:08:21:21/08/2019 ‌

پرسی گەڕاندنەوەی سەربازی بەزۆر لە عێراق و دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمان لەسەر داوای حكوومەتی عێراق پرسێكی گەرمە، ناسڕ هەركی پەرلەمانتاری كورد دووپاتی دەكاتەوە كە زۆر زەحمەتە لەو دۆخەی ئێستەی ناسەقامگیری عێراق ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێت.

دوێنێ بەشار كیكی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە هەولێر یاسای سەربازیكردنی بەزۆر ئەگەر لە پەرلەمانی عێراق پەسندیش بكرێت جێبەجێ ناكات، چونكە بەپێی دەستوور هەرێم هێزی تەناهی خۆی هەیە و خزمەتی سەربازی بەزۆر نایگرێتەوە، لەوكاتەی كەریم علێوی پەرلەمانتاری شیعە ئاماژەی كرد كە ئەگەر یاساكە لە پەرلەمان دەربچێت لەسەر هەمووان جێبەجێ دەبێت لەوانە بەسەر كورد.

د ناسڕ هەركی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" روونی كردەوە، سەبارەت بەو باسە و بەو یاسایە تا ئێستە وەك یاسا لەناو لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق باس نەكراوە، كۆبوونەوە كراوە لەسەر باسەكە و باشی و خراپییەكی باس كراوە.

زیاتر گوتی، پێمان باشە سوپای عێراق سوپایەكی نیشتیمانی بێت و رەنگدانەوەی بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكانی تیادا بێت و هاوسەنگی پێكهاتەیی تیادا بەدی بكرێت و ئەركی پیرۆزی خۆی جێبەجێ بكات لە پاراستنی سنوورەكانی عێراق و خەڵكەكەی بە گشتی و ئەوەش شتێكی باشە، هاوكات ئەگەر ئەو سوپایە لە یەك نەتەوە و تایفە پێك بێت زیانی دەبێت.

هەركی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە گوتی، هەرێم خاوەنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری خۆی هەیە و بەپێی دەستوور مافی هەیە پاسەوانی سنوورەكانی خۆی و هێزی تەناهی خۆی هەبێت، بۆیە ئەوكاتەی یاساكە دەربچێت بەراشكاوی بەندی وای تیادا نەبێت بەوەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، لە هەرێم جێبەجێ ناكرێت، بەڵام ئەگەر یاساكە دەربچێت و باس لەوە بكات كە هەرێمیش دەگرێتەوە، ئەوكات جێبەجێ دەكرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری روونی كردەوە، یاسا كە دەردەچێت مەرج نییە جێبەجێ بكرێت، بۆیە لەو قۆناغەی ئێستە كە سەرچاوەی بڕیاردان لە عێراق زۆرە و تەنیا هێزەكان بەدەستی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق نییە و عێراق لە قۆناغێكی ناسەقامگیردایە، بەدووری دەزانین یاساكە جێبەجێ بكرێت. 
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل