واسق هاشمی شرۆڤەكاری ستراتیجی عێراق دووپاتی كردەوە كە بەیاننامەكەی حەشدی شەعبی دژبەیەكییەكی تیادایە و ناكرێت لایەنێك دوور لە بۆچوونی فەرمی حكوومەتی عێراق بەیاننامە دەربكات و بەرپرسیارەتییەكە بخاتە ئەستۆی ئەمەریكا، بۆیە ئەوە شەرمەزاركردنە بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق.
دوای چەندبارەبوونەوەی هێرشەكانی سەر بارەگا و سەربازگە و كۆگەكانی چەكی حەشدی شەعبی لە ماوەی رابردوودا، ئەمڕۆ چوارشەم دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی كردەوە كە هەر فڕۆكەیەكی بیانی بێ زانیاری حكوومەتی عێراق بەسەر بارەگاكانیانەوە بفڕێت بە دوژمنی دەزانن و رووبەڕووی دەبنەوە.
واشق هاشمی لەو بارەوە بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، حەشدی شەعبی ئێستە دامەزراوەیەكی فەرمییە و سەر بە دەوڵەتی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە و بەشێكە لە هێزەكانی بەرگری لە عێراق دەكەن بە هاوشێوەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ، بەڵام ئەو رێوشوێنەی بەیاننامەكەی حەشدی شەعبی مانای ئەوەیە لە دەرەوەی دامەزراوەی سەربازی عێراق كار دەكات لەوكاتەی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا زۆر باشە.
زیاتر گوتی، ئەو جۆرە لێدوانانە پێویستە لەلایەنی فەرمییەوە دەربچێت نەوەك لەلایەن لایەنێكەوە، وەزارەتی بەرگری یان ناوخۆی عێراق یان حەشدی شەعبی ناتوانن بەیاننامە دەربكەن و بڵێن بەرپرسیارەتییەكە دەخەینە ئەستۆی ئەمەریكا، بۆیە ئەوە شەرمەزاركردنە بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق.
هاشمی روونی كردەوە، حەشدی شەعبی دوو بەیاننامەی هەبووە، یەكەمیان گوتیان ئاگر لەو بنكە سەربازییە كەوتووەتەوە، بەڵام بەیاننامەی ئەمڕۆ باسی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان دەكات كە سەربازگەكەی بۆردمان كردووە، ئاخۆ سەربازگەكانی تر كە پێشتر بۆردمان كراون چی؟، ئەو فڕۆكەیە سەر بەكێیە؟، بۆیە پێویستە شیكردنەوە و زانیاری هەواڵگری و هاریكاری هەبێت، بۆیە پێم وایە كێشەیەك لە حكوومەتی عێراقەوە هەیە لەوبارەوە.