واسق هاشمی: ئەمەریكا پێی وایە دەتوانێت ئێران وەك كارتێك لە كەنداو بەكار بێنێت

:: PM:09:38:21/08/2019 ‌

واسق هاشمی شرۆڤەكاری ستراتیجی عێراق لە دیمانەیەكی "وشە"، دووپاتی كردەوە كە عێراق ترسی لەوە هەیە خاكی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوە ململانێی ئەمەریكا و ئێران، كاتێك ئێران دەیەوێ خاكی عێراق بكاتە هیڵی یەكەمی بەرگری و ئەمەریكاش نایەوێت ناوچەكە رابكیشێتە ناو جەنگ، بۆیە پێویستە عێراق رۆڵێكی بێلایەنی هەبێت و لایەنگیری هیچ لایەنێكی ململانێكە نەكات.

لە ماوەی رابردوودا چوار هێرش كرایە سەر بارەگا و سەربازگە و كۆگەكانی چەكی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین لە ئامرلی و لە بەلەد و لە سەربازگەی ئەشرەف لە پارێزگای دیالە و لە سەربازگەی سەقڕ لە بەغدا، لەناو بێدەنگی حكوومەتی عێراق، هۆكارەكەی بۆ بۆردمانی فڕۆكەی نەناسراو دەگەڕێندرایەوە، لەوكاتەی ئەمڕۆ چوارشەم دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی كردەوە كە هەر فڕۆكەیەكی بیانی بێ زانیاری حكوومەتی عێراق بەسەر بارەگاكانیانەوە بفڕێت بە دوژمنی دەزانن و رووبەڕووی دەبنەوە و ئەو بەرپرسیارەتی هێرشەكانی خستە ئەستۆی ئەمەریكا.

*بەیاننامەكەی چەشدی شەعبی چی دەگەیەنێت، ئەی هەڵوێستی فەرمی عێراق بۆچی نایەتە راگەیاندن؟

دژبەیەكییەك لە بەیاننامەكەی حەشدی شەعبی هەیە، چونكە حەشدی شەعبی ئێستە دامەزراوەیەكی فەرمییە و سەر بە دەوڵەتی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە و بەشێكە لە هێزەكانی بەرگری لە عێراق دەكەن بە هاوشێوەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ، بەڵام ئەو رێوشوێنەی بەیاننامەكەی حەشدی شەعبی مانای ئەوەیە لە دەرەوەی دامەزراوەی سەربازی عێراق كار دەكات لەوكاتەی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا زۆر باشە.

ئەو جۆرە لێدوانانە پێویستە لەلایەنی فەرمییەوە دەربچێت نەوەك لەلایەن لایەنێكەوە، وەزارەتی بەرگری یان ناوخۆی عێراق یان حەشدی شەعبی ناتوانن بەیاننامە دەربكەن و بڵێن بەرپرسیارەتییەكە دەخەینە ئەستۆی ئەمەریكا، بۆیە ئەوە شەرمەزاركردنە بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، تا ئێستە نەسەلمێنراوە ئەو لایەنە كێیە ئەو كارانە ئەنجام دەدات و لێرە لایەنی عێراق بەرپرسیارەتییەكە دەگرێتە ئەستۆ كە هیچ لێكدانەوە و روونكردنەوەی لەوبارەوە نەداوە، تەنیا راپۆرتێكە كە ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن، بەڵام ئەوەش تا ئێستە راستیەكەی لەبارەی تەقینەوەكان نەسەلمێنراوە.

حەشدی شەعبی دوو بەیاننامەی هەبووە، یەكەمیان گوتیان ئاگر لەو بنكە سەربازییە كەوتووەتەوە، بەڵام بەیاننامەی ئەمڕۆ باسی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان دەكەن كە سەربازگەكەی بۆردمان كردووە، ئاخۆ سەربازگەكانی تر كە پێشتر بۆردمان كراون چی؟، ئەو فڕۆكەیە سەر بەكێیە؟، بۆیە پێویستە شیكردنەوە و زانیاری هەواڵگری و هاریكاری هەبێت، بۆیە پێم وایە كێشەیەك لە حكوومەتی عێراقەوە هەیە لەوبارەوە.

*لەناو بێدەنگی حكوومەت و بۆچوونی فەرمی عێراق، خاوەن بڕیارەكانی عێراق چۆن ئەو رووداوانە لێك دەدەنەوە؟

عێراق ترسی لەوە هەیە هەردوولایەنی ململانێكە ئەمەریكا و ئێران لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی چەكداریان خاكی عێراق بكەنە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوە ململانێكە، كاتێك ئێران دەیەوێت خاكی عێراق بكاتە هیڵی یەكەمی بەرگری و ئەمەریكاش وای دەبینێت كە بەرژەوەندییەكانی لێرە هەیە و نایەوێت ناوچەكە كە نەوتییە و بەتایبەتی كەنداو، رابكیشێتە ناو جەنگ، بۆیە ئەوە روونە و پێویستە عێراق رۆڵێكی بێلایەنی هەبێت و لایەنگیری هیچ لایەنێكی ململانێكە نەكات.

*ململانێی ئەمەریكا و ئێران لەسەر چییە و بۆچی كۆتایی نایەت؟

ململانێی ئەمەریكا و ئێران كۆنە، ئەمەریكا لە كۆنەوە و لە سەردەمی شا ئێرانی وەك پۆلیسی كەنداو بەكار دەهێنا، ئێستەش پێی وایە دەتوانێت ئێران وەك كارتێكی گوشار یان پۆلیسێك بۆسەر كەنداو بەكار بێنێت، لەپێناو سازكردنی گرێبەستی نەوتی، بۆیە ئێستە لە ناوچەكە تارمایی و چەتەیەك هەیە ناوی ئێرانە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا دۆخەكە ناگاتە ئاستی بەریەككەوتنی ئەو دوو وڵاتە، چونكە ئەمڕۆ دنیا بە سیستەمی فرەجەمسەری بەڕێوە دەچێت نەوەك تاكجەمسەری.

ئەمەریكا لە 1991 تا 2011 بەتەنیا دنیای بەڕێوە دەبرد، ئێستە هێزەكانی رووسیا و چین و بەریتانیا و فڕەنسا هەن، بۆیە تا ئێستە ئەمەریكا سوود لەو كارتانەی گوشار لەپێناو بەرژەوەندییەكانی بەكاردێنێت، بۆیە ململانێی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت و كۆتایی نایەت، ئەگەر كرانەوەی دۆخەكە و چارەسەری كێشەكانیش دروست بوو، تەنگژەیەكی نوێ دروست دەبێت لەپێناو گوشاركردن بۆ سەر ناوچەكە.

*لێرە و لەوێ باسی پشتبەستنی عێراق بە بەرگری ئاسمانی ئێران یان بەستنەوەی ئاسمانەكانیان دەكرێت، ئەوە چۆن دەبێت؟ 

ئەوەی لەبارەی بەستنەوەی ئاسمان و بەرگری ئاسمانی عێراق و ئێران باس دەكرێت راست نییە، ئەوە تەنیا خواستێكە یان داوایەكە لەلایەن ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق یان لەلایەنی فەرماندەیەكی ئێران، هەوەرها ئەو بابەتە ماقووڵ و قبووڵكراو نییە و ناكرێت وڵاتێكی خاوەن سەروەری بەرژەوەندییەكانی یان بەرگری ئاسمانی خۆی لەگەڵ وڵاتێكی تر ببەستێتەوە ئەگەر پێوەندییەكانیشیان باش بێت، بۆیە رەنگە ئەو بابەتە تەنیا هیوایەك بێت كە لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی یەك ناگرێتەوە.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل