ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی عێراق پارێزبەندیان لەسەر لادراوە

:: PM:09:54:21/08/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان ناوی ئەو پەرلەمانتارانە ئاشكرا دەكات كە تا ئێستە پارێزبەندیان لەسەر لادراوە و دووپاتی دەكاتە كە ژمارەیەكیان خۆیان داوایان كردووە بۆ لابردنی پارێزبەندیان.

پێشتر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە پەرلەمانی عێراق كردبوو بە لابردنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتار كە بە دۆسیەی گەندەڵی لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركی جێبەجێكاری پێشتر و ژمارەیەكی تری تۆمەتبار بە تاوانكاری تۆمەتبارن.

سابت عەباسی پەرلەمانتاری سوننە ئەمڕۆ چوارشەم ئاشكرای كرد كە تا ئێستە پارێزبەندی شەش پەرلەمانتاری عێراق لادراوە كە دەبوایە 12 پەرلەمانتار پارێزبەندیان لەسەر لابدرایە، كە هەندێكیان دۆسیەی گەندەڵیان لەسەرە. 

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە كە ئەو شەش ئەندامە بریتین لە "تەڵاڵ زەوبەعی و نەهلە راوی و لەیال بەیاتی و یەحیا محەمەداوی و فالح عیساوی و ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن)"ن و لە نێوانیان هەیە خۆی داوای لابردنی پارێزبەندی لەسەری كردووە.

نەدا شاكر جەودەت پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی نەسڕ رای گەیاند، ئەو زانیاریانەی تا ئێستە هەن ئاماژە بۆ زیادبوونی ژمارەی پەرلەمانتارانی داواكراو لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی جیاجیا بۆ 38 پەرلەمانتار دەكەن، روونی كردەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لابردنی پارێزبەندی ئەوانی كردووە، بەڵام هەموو ئەندامانی پەرلەمان وردەكاری پرسەكە نازانن، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوەكان راناگەیەنێت و دەیانشارێتەوە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل