تا دێت رووداوەكانی گیانلەدەستدان لەبەر هۆكاری جیاجیا زیاتر دەبن، ئەمشەو چوارشەم 21 ی ئابی 2019 لە دوو رووداوی جیاوازدا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای كەركووك، گەنجێك لە ئاودا خنكا و گەنجێكی تریش لەلایەن كەسوكارەكەیەوە كوژرا.
ئیبراهیم محەمەد بەرپرسی بنكەی بەرگری شارستانی كەلار بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو لە پڕۆژەی ئاوی باڵەجۆی نێوان شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و شارۆكەی خانەقین لە ناوچە كودستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، گەنجێك خنكا.
زیاتر گوتی، ئەو گەنجە ناوی (كەریم قادر كەریم)ە و لەدایكبووی ساڵی 2003یە و پیشەی قوتابییە، روونی كردەوە كە تا ئێستە تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
هاوكات هەر ئەمشەو لە پارێزگای كەركووك گەنجێكی خەڵكی پارێزگای دیالە لەلایەن خزمانییەوە كوژرا، عەقید ئەفراسیاب كامل گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەو گەنجەی ئەمشەو لە كەركووك كوژراوە، ناوی (عومەر حوسێن ئیسماعیل)ە و خەڵكی پارێزگای دیالەیە و بەرەگەز عەرەبە.
زیاتر گوتی، گەنجەكە لەلایەن كەسوكارییەوە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە كوژراوە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی